Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 19:50

مەحموود محەمەد هەڵوێستی پارتی لەسەر کشانەوەیان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی پارتی لەسەر کشانەوەی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و دەڵیت، پێویستی بە کۆبوونەوەیە تاوەکو بەیەکەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە کشانەوەی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئێمە لێژنەیەکی تایبەتمان هەیە ڕۆڵی خۆی دەبینێت، پێویستە ئەم بابەتانە بە دانیشتن و کۆبوونەوە تاوتوێ بکرێت بۆ ئەوەی بەیەکەوە بڕیار بدرێت.

ڕاشیگەیاند: ئەم دۆخەی ئێستا عێراق تێی کەوتووە پێویستی بەوەیە هەموو ئەوانەی هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن گرنگی پێ بدەن بۆ ئەوەی ئاسۆیەک بدۆزنەوە، ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.

مەحموود محەمەد سەبارەت بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە گوتی: ئێمە ڕێگر نین لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێک بکەون و بەڵێن بدەن کە ئەنجامەکان قەبووڵ دەکەن.

گوتیشی:ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لە ئەستۆی کورد نییە، بەڵکوو کێشە لە خودی ئەو گرووپانەیە کە دەبێت حکوومەت پێک بهێنن، ئەوان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەوتوون، ئەوانەی کە دەیخەنە ئەستۆی کورد دەیانەوێت پاکانە بۆ خۆیان بکەن.

مەحموود محەمەد لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و هەروەها درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە وەک پارتی بە شتێکی باشی دەزانین لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم وەکو چەترێک کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بیروڕا جیاوازەکانمان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن چارەسەر بکەین، ئێمە لەگەڵ ئەو کۆبوونەوانەین.

هاوکات لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان بە دەستوور ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە دەستوور هەبێت و پێویستە لە هەرێمی کوردستان لەسەری ڕێککەوین.

گوتەبێژی پارتی لەبارەی گەڕانەوەی ئەندامانی رەوتی سەدر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە بابەتێکی یاساییە و پێویستە یاساناسان شرۆڤەی بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.