Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:13

مه‌سرور بارزانی: قۆناغه‌كانی ژیان كۆتایی دێت به‌ڵام فێربوون كۆتایی نایه‌ت

کوردستان TV
100%


 ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10 ی 9 ی 2022" بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بەڕێوەچوو

 سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکیی، پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەرشتێک، لایەنە مرۆیی و ئینسانییەکەی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی:

زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم و بەختەوەرم كە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچوونی ژمارەیەكی دیكە لە قوتابیانی زانكۆی هەولێری پزیشكی، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هیوادارم لە قۆناغی داهاتووی ژیانی پیشەییتاندا سەركەوتوو بن بۆ خزمەتكردنی كوردستان. زۆر زۆر پیرۆزە لێتان.

دەستخۆشی لە دایك و باوك و كەسوكارتان دەكەم كە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆریان كێشاوە و زەمینەی سەركەوتنیان بۆ ئێوە ڕەخساندووە. هەروەها سوپاسی سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆی هەولێری پزیشكی و گشت مامۆستایانی ئەم زانكۆیە دەكەم بۆ ئەرك و ماندووبوونیان لە ئیدارەدان و پێشخستنی ئەم زانكۆیە و پێگەیاندنی ئەم قوتابیانە كە جێگەی دەستخۆشییە.

دەرچوانی بەڕێز

ئێوە كە دەبنە پزیشك، هیوادارم و دڵنیام كە لە ئاست پیرۆزیی پیشەكەتان و سوێندخواردنەكەتان دەبن. پزیشكی پیشە و ئەركێكی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە كە پێویستە بەر لە هەر شتێك، ئامانجەكەی ڕزگاركردنی ژیانی خەڵك و پاراستنی تەندروستییان بێت. بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەر شتێك لایەنە مرۆییەكەی پیشەكەتان لەبەر چاو بێت.

بێگومان لەگەڵ دەرچوونتان، قۆناغێكی ژیانتان كۆتایی دێت، بەڵام فێربوون كۆتایی نایەت، چونكە فێربوون پرۆسەیەكی بەردەوامە لە ژیانی مرۆڤ و مرۆڤ لە ژیانیدا پێویستە بەردەوام بێت لە هەوڵی گەڕان بە دوای زانست و زانیاری و فێربووندا، بەتایبەتیش بواری پزیشكی و تەندروستی وەك زۆر بواری دیكە، لە پێشكەوتنی بەردەوام دایە، بۆیە دەبێ ئێوەش هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێوچاندا بن لە پێناو بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ تا بتوانن زیاتر خزمەتی خەڵك و كۆمەڵگەی خۆتان و مرۆڤایەتی بە گشتی بكەن.

لە ماوەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پەرەپێدان و پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەكادیمیی زانكۆ و دامەزراوە پەروەردەییەكانمان، دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵامان پەسەند كرد. ئەم دەستەیە ئامانجی بەرزكردنەوەی كوالێتیی خوێندن و پەروەردەیە لە هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی ئەم ساڵانەی ڕابردوو ئێمە شایەدی ئەوەین كە ئاستی زانكۆكانمان بەرز بووەتەوە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕكابەریی زانكۆكانی تر بكەین، بە پێویستمان زانی كە ئەم دەستەیە دابمەزرێنین بۆ ئەوەی زانكۆكانمان لە ئاستی جیهاندا بتوانن پلەكانیان بەرز ببێتەوە و ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرز بكەینەوە.

دەزانم كە بواری تەندروستی لە كوردستان كێشە و گرفتی هەیە، بۆیە یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازیكردنە لە لایەنی تەندروستی و باشتركردنی كوالێتیی نەخۆشخانەكان و چاكسازیكردنە لە هاوردەكردن و پشكنین و چاودێریكردنی داوودەرمان، بۆ ئەم مەبەستەش دەستمان بە چەند هەنگاوێك كردووە كە هیوادارم بە هاوكاریكردنی هەموو لایەك، بەتایبەتی پسپۆڕانی ئەم بوارە، لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، بتوانین كەرتی تەندروستی لە كوردستان بە ئاستێك باش بكەین كە ببێتە نموونە لە ناوچەكەدا.

باشتركردن و پێشخستنی كەرتی تەندروستی تەنیا ئەركی حكوومەت نییە، بەڵكوو پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاری و پشتیوانیكردنی پزیشكان و كۆمەڵگە بەگشتی هەیە، بۆیە هیوادارم بە هەموومان بتوانین بواری تەندروستی كە یەكێكە لە گرنگترین كەرتەكانی ژیان، باشتر بكەین و گەشەی پێ بدەین.

من لەم ڕۆژانەدا سەردانی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی حكوومەتم كرد، فەرمانگەی داتاسەنتەری حكوومەتم كردەوە كە یەكێكە لە فەرمانگە پێشكەوتووەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش، بەشێكە لە چاكسازییەكانی حكوومەت لە بواری بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، ئەوەی مایەی دڵخۆشی و شانازییە، هەموو كارمەند و شارەزاكانی ئەم فەرمانگە پێشكەوتووە، گەنجی دەرچووی زانكۆكانی كوردستانن. بۆیە من ئومێدێكی زۆرم بە گەنجە دەرچوەكانی خۆمان هەیە كە دەتوانن ڕۆڵێكی كاریگەر لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان ببینن.

دڵنیا بن من بەردەوام دەبم لە پشتیوانیكردنی ئێوە، پشتیوانی لە پرۆژە و بیرۆكەی داهێنەرانەتان دەكەم، دڵنیاشم ئێوە توانا و بیرۆكەیەكی زۆرتان هەیە بۆ پێشخستنی كوردستان، پشتیوانیكردنی ئەو پرۆسە چاكسازی و گۆڕانكارییەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەستمان پێ كردووە.

لە كۆتاییدا وەكوو نەریتێك پێویستە هەموومان سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابنەوێنین، سوپاسی ماندووبوون و زەحمەت و شەونخوونیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی خۆمان بكەین كە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخساندووە بتوانین بە سەربەرزی لە كوردستاندا بژین و بخوێنین و هەنگاو بەرەو پێشخستنی وڵاتەكەمان بنێین.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و ئومێدەوارم ئێوە ببنە مرۆڤێكی بەسوود بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەكەتان و مرۆڤایەتی بەگشتی.

جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەم و كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.