رۆژنامەی نیویۆرك تایمز راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا پشتڕاستی كردووەتەوە كە سیاسەتمەدارانی عێراق دوای نزیكەی ساڵێك لە هەڵبژاردنی رابردوو شكستیان هێناوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ململانێی دەسەڵات لەنێوان گروپە سیاسییەكاندا شەڕێكی تائیفی لێكەوتۆتەوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای لەشكركێشی ئەمریكا، زۆرینەی شیعەكان لە عێراقدا زاڵبوون بەسەر حكومەتدا، ململانێی دەسەڵات لەنێوان گروپە سیاسییەكاندا بووە هۆی شەڕی تائیفی، ئێستاش مەترسییەكی جددی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتە هەیە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لاوازییەكان لە عێراق هەفتەی رابردوو جارێكی دیكە بە شێوەیەكی توند دەركەوتنەوە كاتێك بنبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ - نزیكەی ساڵێك دوای هەڵبژاردنەكانی دوایی - لە دڵی بەغدای پایتەختدا سەریهەڵدا و بوو بە توندوتیژی.
بەپێی رۆژنامەكە، ماریا فەنتابی لە سەنتەری دیالۆگی مرۆیی كە رێكخراوێكی بەڕێوەبردنی ململانێیە و بنكەكەی لە سویسرایە، دەڵێت: ئەگەر باس لە عێراقی دوای 2003 بكەین، دەبێت بڵێین لە راستیدا دەوڵەتێكی كارا نەبووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەندە متمانە بە سیستەمی سیاسی هەیە كە رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە بەغدا لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا نزیكەی 30% بووە، زۆرێكیش پێشبینی دەكەن هەمان سیاسەتمەدارە گەندەڵەكان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە بەهۆی سیستەمی دوای ساڵی 2003 كە گەرەنتی پۆستە سەرەكییەكان بۆ گروپە ئایینی و نەتەوەییە تایبەتەكان دەكات.
ئەو ئاشكراشیكرد، ئەو شانازییەی كە عێراق نارووخێنێت، تاڕادەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سامانە زەبەلاحەی نەوتی وڵاتەكە، بەڵام زۆربەی هاووڵاتیان هەرگیز سوودی ئەو سامانە نابینن، هەروەها بەدەست پچڕانی كارەبا و وێرانبوونی قوتابخانەكان، نەبوونی چاودێری تەندروستی و ئاوی پاك دەناڵێنن كە دەوڵەت ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەرفراوانی سێ ساڵ لەمەوبەر.
هەروەها نیویۆرك تایمز بڵاویكردەۆتەوە، بەهۆی وەزارەتە "ناكارامەكان" و حكومەتێكی ناوەندی لاواز، هیچ هەوڵێكی ڕاستەقینە نییە بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان یان ژیانی چارەكێك لە دانیشتووان كە حكومەت مەزەندەی دەكات لە هەژاریدا دەژین.
هەروەها لەسەر قەیرانی پەروەردە لە عێراق، ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، “قوتابخانەكان ئەوەندە قەرەباڵغن كە بە شیفت كاردەكەن، تەنها نیو ڕۆژ وانە بۆ قوتابیان دابین دەكەن، زۆرێك لە قوتابخانەكان ئاوەڕۆ یان ئاودەستی پێویستیان نییە”، ئاماژەی بەوەشكردووە، “زیاتر لە نیوەی” لە قوتابیانی عێراقی پێش خوێندن واز لە خوێندن دەهێنن. ئەو منداڵانەشی كە خوێندنیان بەجێهێشتووە لە بازاڕەكاندا پاڵ بە عەرەبانە دارەكانەوە دەنێن یان بوتڵی ئاو بە شۆفێران دەفرۆشن .
نیورۆك تایمز لە كۆتایی راپۆركەشیدا دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی كە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا چەندین جار سەروەری عێراق پێشێل دەكەن، لاوازی حكومەتی عێراق و دامەزراوەكانی دەوڵەتی مەترسی بۆ سەقامگیری ناوچەكە دروست دەكات، وەك ئەوەی ساڵی 2014 روویدا كاتێك سوپای عێراق لە بەرامبەر هێرشێكی داعشدا رووخا كە بەشێكی زۆری عێراقی كۆنتڕۆڵ كرد .
نیویۆرك تایمز كاردانەوەی ململانێ سیاسییەكانی عێراق ئاشكرا دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.