Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 13:35

سەرۆکی حکوومەت: دەستمان بە چەند هەنگاوێک کردووە بۆ چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بەڕێوەچوو.

 سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکیی، پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەرشتێک، لایەنە مرۆیی و ئینسانییەکەی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە :

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایان و قوتابییانی دەرچووی بەڕێز

بەڕێزان دایک وباوک و کەسوکاری قوتابییان

بەختەوەرم ئەمڕۆ لە گەڵ ئێوە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی. پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوادارم لە قۆناخی داهاتووی ژیانی پیشەییتاندا سەرکەوتووبن بۆ خزمەتکردنی کوردستان. دەستخۆشی لە دایک وباوک و کەسوکارەکانتان دەکەم کە هەوڵ و ئەرک و ماندووبوونێکی زۆریان کێشاوە و زەمینەی سەرکەوتنیان بۆ ئێوە ڕەخساندووە.  هەروەها سوپاسی سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆی هەولێری پزیشکی و گشت مامۆستایانی ئەم زانکۆیە دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە ئیدارەدان و پێشخستنی ئەم زانکۆیە و پێگەیاندنی ئەم قوتابییانە کە جێگەی دەستخۆشییە.

  دەرچووانی بەڕێز:

 ئێوە کە دەبنە پزیشک، هیوادارم و دڵنیام کە لە ئاست پیرۆزی پیشەکەتان و سوێندخواردنەکەتان بن . پزیشکیی، پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەرشتێک، لایەنە مرۆیی و ئینسانییەکەی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.

 بێگومان لە گەڵ دەرچوونتان لە زانکۆ، قۆناخێک لە قۆناخەکانی ژیانتان کۆتایی دێت، بەڵام  فێربوون کۆتایی نایەت، چونکە فێربوون، پرۆسەیەکی بەردەوامە و مرۆڤ بە گشتی و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا، پێویستە بەردەوام بێ لە هەوڵی گەڕان بەدوای زانست و زانیاری و فێربووندا. بەتایبەتیش بواری پزیشکیی و تەندروستی وەک زۆر بواری دیکە، لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە ، بۆیە دەبێ ئێوەش، هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێ وچاندابن لە پێناو بەدەستهێنانی زانیاری نوێ، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگەی خۆتان و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەن.

 لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پەرەپێدانی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆ و دامەزراوە پەروەردییەکانمان، دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا پەسەند کرد و ئامانجی ئەم دەستەیە بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و پەرەوەردەیە لە هەرێمی کوردستان.

ئێمە شایەتی ئەوەین کە ئاستی زانکۆکانمان بەرزبووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕکابەری لە گەڵ زانکۆکانی جیهانیدا بکەین بە پێویستمان زانی ئەم دەستەیە دابمەزرێنین بۆ ئەوەی زانکۆکانمان لە ئاستی جیهاندا بتوانن پلەکانیان بەرز ببێتەوە و ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرز بکەینەوە.

دەزانم بواری تەندروستی لە کوردستان کێشە و گرفتی هەیە، بۆیە یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردنە لە بواری تەندروستی و باشترکردنی کوالێتی نەخۆشخانەکان و چاکسازیکردنە لە هاوردەکردن و پشکنین و چاودێریکردنی داو و دەرمان . بۆ ئەم مەبەستەش، دەستمان بە چەند هەنگاوێک کردووە. هیوادارم بە هاوکاری هەموولایەک، بەتایبەتی پسپۆڕانی ئەم بوارە، لە ناوە و دەرەوەی کوردستان، بتوانین کەرتی تەندروستی لە کوردستان، بە ئاستێک باش بکەین کە ببێتە نموونە لە ناوچەکەدا .

باشترکردن و پێشخستنی کەرتی تەندروستی، بە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستی بە هەماهەنگيی و هاوکاری و پشتیوانی پزیشکان و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە . بۆیە هیوادارم بەهەموومانەوە بتوانین بواری تەندروستی کە یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ژیان، باشتر بکەین و گەشەی پێ بدەین .

 من لەم ڕۆژانەدا،  سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتم کرد و داتا سەنتەری ناوەندی حکومیمان کردەوە کە یەکێکە لە فەرمانگە پێشکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و بەشێکە لە چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان . ئەوەی مایەی دڵخۆشی و شانازییە ، هەموو کارمەند و شارەزایانی بواری ئایتی ئەو فەرمانگە پێشکەوتووە، گەنجی دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن. بۆیە من ئومێدێکی زۆرم بە گەنجە دەرچووەکانی خۆمان هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە پرۆسەی گۆڕانکاری و چاکسازی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان.

دڵنیابن، من بەردەوام پیشتیوانێکی بەهێزتان دەبم ، پیشتیوانی لە پڕۆژە و بیرۆکەی داهێنەرانەتان دەکەم. دڵنیاشم، ئێوە توانا و بەهرەی زۆرتان هەیە بۆ پێشخستنی کوردستان و پیشتیوانیکردنی ئەو پرۆسە چاکسازی و گۆڕانکارییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردووە.

لە کۆتاییدا پێویستە هەموومان سەری ڕێز ونەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابنوێنین ، سوپاسی ماندووبوون و شەونخوونی و خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکان وهێزە ئەمنییەکانی خۆمان بکەین کە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخساندووە کە بتوانین بە سەربەرزی لە کوردستاندا بژین و بخوێنین و هەنگاو بەرەو پێشخستنی وڵاتەکەمان بنێین.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ئومێدەوارم ببنە مرۆڤێکی بە سوود، بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەتان و مرۆڤایەتی بەگشتی.

هەر تەندروست و سەلامەت بن ، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.