Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 07:11

مەسرور بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یادی شەست و یەك ساڵەی هەڵگیرسانی شۆرشی مەزنی ئەیلوول رایدەگەێنێ، پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن لە پێناو داكۆكیكردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسكەوتە نیشتمانییەكانمان، كە خەڵكی كوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەكات و قوربانییەكی زۆری داوە. 
دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ...
ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستان دەكەینەوە كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە،وەرچەرخانێكی مێژوویی و شۆڕشێكی سەرتاسەری خەڵكی كوردستان بوو بە گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازییەكانەوە، بە سەركردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر.
یەكێك لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەكانی شۆڕشی ئەیلوول، یەكڕیزی و یەكگرتوویی گەلی كوردستان بوو، كە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێك لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواكانی دا بنێت لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار. 
هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێكی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو كوردستان و دروستكردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی كوردستان.
ئەمڕۆ كە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن لە پێناو داكۆكیكردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسكەوتە نیشتمانییەكانمان، كە خەڵكی كوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەكات و قوربانییەكی زۆری داوە. 
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی كوردستان دەكەینەوە.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

مەسرور بارزانی 
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.