Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:40

چوارەمین فیستیڤاڵی ھونەری تورکمان بە چەندین بڕگەی ھونەری بەڕێوەچوو

کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری تورکمان/ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی ھونەری تورکمانی بە چەندین بڕگەی جیاوازی ھونەری بە ئامادەبوونی ھەریەک لە بەڕێزان (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری ھەولێر و (مونا قھوەچی) سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و (ئایند مەعروف) وەزیری کاروباری پێکھاتەکان و (د. سالار عوسمان) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و (گەیلان ئاڵتی بەرماغ) بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری تورکمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و شاعیر و ھونەرمەندانی ھەولێر و کەرکوک و دووزخورماتوو سازکرد.
لە دەسپێکی پڕۆگرامەکانی فیستیڤاڵەکەدا چەندین وتاری تایبەت لە بارەی پێکەوەژیانی تورکمان و نەتەوە جیا جیاکان لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، کە گوزارشتیان لە مێژووی ئەو شارە دەکرد، پاشان دوو کاتژمێر تەرخان کرا بۆ خوێندنەوەی شیعرە تورکمانیەکان، کە چەندین شاعیری ناسراوی تورکمانی لە کەرکوک و دووزخورماتوو ھاوشانی شاعیرە ھەولێرییەکان ھۆنراوەکانیان خوێندەوە.
پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە
لە چوارچێوەی فیستیڤاڵە ھونەرییەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بە وێنەکانی فۆتۆگرافەرە ناسراوەکانی تورکمان کرایەوە، کە چەندین وێنەی سوریالی و سرووشتی جوانی کوردستان و ناوچە تورکمان نشینەکانی وەک کەرکوک و دووزخورماتووی لەخۆوە گرتبوو، دیارترینشیان فۆتۆکانی خانمە ئەکتەر و فۆتۆگرافەر (وەفا ئەحمەد) بوو، کە لە کەرکوکەوە میوانی ئەو فیستیڤاڵە ھونەرییەی ھەولێر بوو.
نمایشێکی ھونەری و کلتووری بەڕێوەچوو
لە دوای کۆتایی ھێنان بە پێشانگا فۆتۆگرافیەکە تابلۆیەکی ھونەریی بەڕێوەچوو، کە گوزارشتی لە شایی و ھەڵپەڕکێی تورکمانی دەکرد و ئامادەبووانی ھێنایە جۆش و خرۆش، ھاوکات ئەو گرووپە ھەڵپەڕکێیە تورکمانیە چەندین داھێنانیان لە ھەڵپەڕکێکەدا کردبوو، بە پۆشینی جلە ڕەنگاوڕەنگەکانیان جوانیەکی دیکەیان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی بوو.
ئێوارەیەکی پڕ لە گۆرانی و موزیک لە ماڵی تورکماندا
ھەر لە پەراوێزی چالاکییە ھونەرییەکانی نێو فیستیڤاڵەکەدا ئێوارەیەکی پڕ لە ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی تورکمانی بەڕێوەچوو، کە چەندین ھونەرمەندی دیاری تورکمانی بە گۆرانیە ڕەسەنەکانیان دڵی ئامادەبووانیان بە لای خۆیان ڕاکێشا و ھێمای خۆشەویستیان بۆ ھەولێر و مێژوویی ئەو شارە دەکرد.
ڕێز بەخششی کەسایەتیەکانی ھەولێر گیرا
بەر لە کۆتایی ھاتنی بڕگە ھونەرییەکانی ئەو فیستیڤاڵە ڕێز لە بەخششی چەندین کەڵە شاعیری تورکمانی و ھونەرمەند و ئەدیبی ھەولێر و کەرکوک و موزیکژەنە دیارەکانی نێو تورکمان نرا، کە تەمەنێکیان بە ھونەرو کاری ڕێکخراوەیی و داکۆکیی کردن لە مافە ڕەواکانی ئەو نەتەوەیە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان گیرا.
خەڵاتێک بۆ خانەوادەی ئاڵتی بەرماغ
لە پای خزمەتی بەرچاوی خانەوادەی ئاڵتی بەرماغ، کە مێژووێکی دێرینیان لە ھەولێر ھەیە و خاوەنی چەندین پڕۆژەی مرۆیی و ھونەرین خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە (گەیلان ئاڵتی بەرماغ) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری تورکمان، کە ساڵانێکی زۆرە خۆی و خانەوادەی لە خزمەتی ھەولێر و ھەولێرییەکاندا سڵیان نەکردووەتەوە و ھەمیشە ئامادەی جوانترکردنی سیمای ئەو شارەن و بوونەتە بەشێکی زیندوو لە مێژوو و فەرھەنگی تورکمانی دا.
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.