Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 14:17

لە هەڵبژاردنەکانی سویددا پارتە راستڕەوەکان چانسی پێکهێنانی حکوومەتیان بەدەستهێنا

کوردستان TV
100%


لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و شارەوانیدا لە سوید، پارتە راستڕەوەکان بە بەدەستهێنانی تێکڕای سەدا 49،7ی دەنگەکان چانسی پێکهێنانی حکوومەتیان بەدەستهێنا.

سەرەڕای ئەوەی پارتی سۆسیال دیموکرات بە رابەرایەتی سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدالینا ئەندیرسۆن سەدا 30،5ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، بەڵام چانسی پێکهێنانی حکوومەتی لەسەر قورس بووە.

لە هەڵبژاردنەکاندا کە تێکڕا حەوت ملیۆن و 770 هەزار دەنگدەر بەشدارییان تێدا کرد، پرۆسەی دەنگدان دوێنێ کاتژمێر 8ی شه‌و بەکاتی ناوخۆی سوید (9ی شه‌و بەکاتی هەولێر) کۆتایی هات.

بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان کە لە کردنەوەی سەدا 90ی سندوقەکان دەستکەوتووە، پارتە راستڕەوەکان سەدا 49،7ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و پارتە چەپڕەوەکان کە ئێستا دەسەڵاتدارن و حکوومەتی کەمینە بەڕێوەدەبەن، سەدا 48،8ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، بەو ئەنجامەش لە کۆی 349 کورسی پەرلەمان پارتە راستڕەوەکان175 کورسی و پارتە چەپڕەوەکان، 174 کورسییان بەدەستهێناوە.

ئەوەی بووە جێی سەرنج بەرزبوونەوەی دەنگی پارتی دیموکراتی سویدە کە هەڵگری بۆچوونی راستڕەوی توندئاژۆیە، رێژەی دەنگەکانی گەیاندووەتە سەدا 20،6 بەو ئەنجامەش بووەتە دووەم گەورەترین پارتی وڵاتەکە، ئەمە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکەی 2018دا، پارتی ناوبراو سەدا 18ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سێیەم گەورەترین پارت بوو.

بانگەشەی ئەوە کرا کە پارتە راستڕەوەکان بە رابەرایەتی پارتی پارێزگارانی میانڕەو لەگەڵ پارتی لیبراڵ و پارتی دیموکراتی مەسیحیی کار بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کەمینە دەکەن و پارتی دیموکراتی سوید راستڕەوی توندئاژۆ پشتیوانی لەو حکوومەتە دەکات.

لە بەرامبەردا سەرۆکی پارتی دیموکراتی راستڕەوی توندئاژۆی سوید، جیمی ئاکسۆن ئاماژەی بەوە کرد کە بیریان لەوە نەکردووەتەوە لە دەرەوە پشتیوانی لە پێکهێنانی هیچ حکوومەتێک بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی پارتی پارێزگارانی میانڕەو، ئولف کریستێرسۆن باسی لەوە کرد کە ئەوەی لەدەستیان بێت ئەنجامی دەدەن لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و سەقامگیردا.

چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە، دامەزراوەی هەڵبژاردنی سوید، ئەنجامە فەرمییەکان رابگەیەنێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.