سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڕگەی چواردەیەمی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا باسی لەوە كرد كە "بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆ و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ هاووڵاتییان، لە ئەرکە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگا لە ڕۆتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاووڵاتییان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا كار لەسەر بەئەلیكترۆنیكردنی زۆرێك لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كراوە و ڕاستەوخۆش بەستراونەتەوە بە داتاسەنتەری سەرەكی حكومەت بۆ پاراستنی سەرجەم داتا و زانیارییەكانی هاووڵاتییان.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سیستەمی بەڕێوەبردنی کاروباری خانەنشینی حکومی بە ئەلیكترۆنی كرا.
ئەم سیستەمە بە هاوبەشی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری، و وەزارەتی پلاندانان، و دەزگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کارگێڕی خانەنشینی حکومی ئاسانتر و خێراتر و پارێزراوتر بەڕێوە بچێت.
دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "بابەتی ئەلیكترۆنیكردنی كاروباری حكومەت لە پێشینەیە و لە هەمان كاتیشدا بودجەی گەورەی دەوێت و جەنابی سەرۆكی حكومەت وئێمە سوێندمان لەسەر سەركەوتنی ئەو كابینەیە خواردووە و لەم چوارچێوەیەشدا كاری باشمان لەسەر بەئەلیكترۆنیكردن كردووە".
وەزیری پلاندانان باسی لەوە كرد كە چیتر ئەو ڕۆتین و بیرۆكراتییەی كە لە ڕواندنی مامەڵەی خانەنشینی هەبوو چیتر نامێنێت و "ئێمە لەسەر بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی گرێبەستە گشتییەكانیش كارمان كردووە و لە ماوەیەكی نزیك دەكەوێتە كار كە یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكان كە لەسەرەتای كابینەوە و بە هاوكاری حكومەتی كۆریا كارمان لەسەر كردووە و چیتر ئەو قسە و دەنگۆیانەی لەسەر گرێبەست و تەندەرەكان نامێنێت و گرێبەست و تەندەر شەفاف دەكات".
حازم ئیسماعیل ڕەمەزان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین لە وتەیەكدا سوودەكانی سیسیەمی خانەنشینی ئەلیکترۆنی خستە ڕوو كە بەم شێوەیە بوون:
ـ بەستنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكان بە سیستەمی ناوەندی.
ـ كەمكردنەوەی ڕۆتین و هەڵەی تەقلیدی و خەرجییەكانی خانەنشینان.
ـ كەمكردنەوەی كات لە ڕاییكردنی مامەڵەی خانەنشینان.
ـ كەمكردنەوەی هەڵەی ژمێریاری لە مووچەی خانەنشینان.
ـ بەدەستخستنی زانیاری و داتا و ئاماری درووست بە خێرایی و وردی.
ـ دۆسیەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی لەبەردەست دەبێت.
ـ پاراستنی بەڵگەنامەكان و بەئەرشیفكردنیان.
ـ دەكرێت ئەم سیستەمە بە سیستەمی بانكی ببەسترێتەوە و مووچەی خانەنشینانی تێدا بەئەلیكترۆنی بكرێت.
ـ چاكسازیی كردن لە لیستی دوو مووچەیی و سڕینەوەی دووبارەكان.
هەر لە مەراسیمەكەدا ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتى ئەمەریکا و نوێنەری بەڕێوەبەری (UNDP) لە عێراق لە وتەیەكیدا باسی گرنگی پڕۆژەکەیان وەك هەنگاوێکی ئەرێنی کرد لە دام و دەزگا حکومییەکان.
شایەنی باسە ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار دۆسیەی خانەنشینی تۆمار دەكرێت كە پێشتر بە شێوەی دەستی و پۆستە و تەلەفۆن جێبەجێ دەكرا و ئەمەش هەم كاتێكی زۆری دەگرت و هەمیش خانەنشینانی ماندوو دەكرد و مەترسی لەنێوچوونی داتا و ونبوون و نادادپەروەری لەسەر بووە، بەڵام ئێستا بە گۆڕینی سیستەمەكە بۆ ئەلیكترۆنی ئەم لایەنە نەرێنیانەی نامێنێت.لا
کاروباری خانەنشینان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.