Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:12

ئیبراهیم حه‌زین .. جێی له‌ناو هونه‌ری ئاوازو گۆرانی و مۆسیقای كوردیدا كردۆته‌وه

ده‌رچووی هیچ خوێندنگایه‌كی هونه‌ری نه‌بووه‌، به‌ڵكو خۆڕسك دروست بووه‌
کوردستان TV
100%

 ( 1917_ 27/3/1970)

ئه‌گه‌ر به‌ووردی ئاوڕێك له‌ خانه‌قا و ته‌كیه‌و  دیوه‌خانه‌كانی وڵاتمان بده‌ینه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگن له‌ ده‌ركه‌وتنی خۆشخوان،ده‌نگبێژ ، مه‌قامبێژ ، به‌یت و به‌ندبێژ بووه‌، واته‌ ئه‌و شوێنانه‌ بۆئه‌و سه‌رده‌م و كاته‌ په‌یمانگایه‌ك بووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌نگخۆشانه‌ تێیدا گه‌شه‌ بكه‌ن و هونه‌ره‌كه‌یان له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی  و بۆنه‌ ‌ئایینیه‌كان‌ بناسێنن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سرووشت و ژینگه‌ی جوان و پاكی وڵاتمان ئه‌ویش هه‌وێنی به‌رجه‌سته‌بوونی  ئه‌و خۆشخوانانه‌ بووه‌،

یه‌كێك له‌و ده‌نگبێژ و هونه‌رمه‌ندانه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری هه‌ڵبده‌مه‌وه‌و ، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌می ژیانیدا به‌چه‌ند به‌رهه‌مێك له‌ به‌سته‌و مه‌قام و ستایشی ئایینی جێی له‌ناو هونه‌ری ئاوازو گۆرانی و مۆسیقای كوردیدا كردۆته‌وه و خۆش به‌ختانه‌ له‌دوای خۆی وه‌ك به‌ڵگه‌ ده‌نگی به‌تۆماركراوی ماوته‌وه‌ و له‌ئه‌رشیفی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا پارێزراوه‌‌، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم حه‌زین) ه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ‌ده‌رچووی هیچ خوێندنگایه‌كی هونه‌ری نه‌بووه‌، به‌ڵكو خۆڕسك دروست بووه‌ و ، له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزانه‌ی له‌وسه‌رده‌مه‌ی شاری سلێمانیدا له‌ڕێی ستایشی ئایینی و مه‌ولودخوێندنه‌وه‌ ناو و ناوبانگیان هه‌بووه‌ دروست بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ خودی هونه‌رمه‌ند له‌ ( حوجره‌) وه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و پله‌كانی ( فه‌قێ ) یایه‌تی بڕیوه‌  تا مۆڵه‌تی ‌ ( مه‌لای ئایینی) وه‌رگرتووه‌ ، له‌ناو هه‌ندێك له‌ هاورێیان و دۆستانیدا به‌ ( مه‌لائیبراهیم )  و هه‌ندێك جار به‌ ( خاڵی جه‌میل ) یش ناوبراوه‌.

 ( ئیبراهیم سه‌عید مه‌ولود ) ناسراو به‌ ( ئیبراهیم حه‌زین) له‌ ساڵی (1917) له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری سلێمانی به‌ناوی ( كانیی ئاسكان) له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری ، ئازارچه‌شتوو به‌ده‌ست نه‌داری و نه‌هامه‌تی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی یه‌وه‌ چاوی به‌هه‌ورازو نشێوه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

ئیبراهیمی منداڵ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نه‌كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ و ته‌مه‌نی ته‌نها دووبه‌هار بووه‌‌، په‌روه‌ردگار له‌سۆزو ئامێزی پڕخۆشه‌ویستی دایك و باوكی بێبه‌شی ده‌كات، منداڵێك له‌وكه‌م ته‌مه‌نه‌دا چاره‌نووسی به‌وشێوه‌یه‌ بێت ، ده‌بێت چۆن ژیان به‌ڕوویدا بكرێته‌وه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و كامه‌ به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵبگرێ، ئیبراهیم حه‌زین له‌وساته‌وه‌خته‌دا (2) دوو خوشكی ده‌بن به‌ناوه‌كانی ( خه‌جیج و فاتم)  ، خه‌جیج به‌ (ئه‌جه‌خان ) ناوبراوه‌ و له‌وكاته‌دا له‌ماڵ و حاڵی خۆیدا بووه‌، ئیبراهیمی برابچوكی ده‌باته‌لای خۆیی و سه‌رپه‌رشتی و په‌روه‌رده‌ی ده‌كات ، دوای ماوه‌یه‌ك  خاڵیكه‌ خه‌ڵكی گوندی (قوڵه‌ڕه‌ش) ی شارباژێڕ بووه‌، به‌ناوی ( مه‌لافه‌تاحی قوله‌ڕه‌ش) ده‌یگرێته‌ خۆیی ، له‌ته‌مه‌نی (9) ساڵیدا واته‌ ساڵی (1926) له‌لای ( حاجی مه‌لا سه‌ید شه‌ریف) له‌ ( حوجره‌) له‌بازاڕه‌ بچكۆله‌ دادیده‌نێ تا فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌و له‌به‌ركردنی ( قورئانی پیرۆز) ببێت.

هونه‌رمه‌ند له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ڕێی كه‌ش و ژینگه‌ی حوجره‌وه‌، گوێ و هه‌ستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولودی پێغه‌مبه‌ر و مه‌ولایه‌ صه‌لی و شیعری ته‌صه‌وف و سروته‌ ئاینیه‌كان ئاشنا ده‌بێت و، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت .

ئیبراهیم حه‌زین له‌ڕێی ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی سرووته‌ ئاینییه‌كان تێكه‌ڵاو به‌ كۆڕی مه‌لا و ده‌نگخۆشانی مه‌ولود خوێنانی شاری سلێمانی ده‌بێت ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا چه‌ند كه‌سایه‌تی مه‌ولودخوێن كه‌زۆر به‌ناوبانگ بوون و ده‌نگیان زۆر خۆش و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گوێگر داناوه‌ وه‌ك ( مه‌لائه‌حمه‌دی دیلان ، باوكی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان  و قادر دیلان) ، جه‌لال مه‌حمود كابان ، باوكی هونه‌رمه‌ندان(كه‌ریم و قادر و جه‌مال  كابان) و  وه‌ستا عه‌لی عارف عه‌زیزی ده‌لاك و ...تاد.

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین یش وه‌ك ده‌نگخۆشێك له‌كۆڕی زیكری مه‌لا و مه‌ولودخوێناندا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ناسرێت.

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1935) ژیانی هاوبه‌شیی پێكدێنێت به‌گه‌ڵ خاتوو ( مه‌لیحه‌ تۆفیق) هاوسه‌رگیری ده‌كات ، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ (11) منداڵ بووه‌، به‌ناوه‌كانی ( بورهان، نه‌عیمه‌ ، حه‌لیمه‌، سوعاد ، قادر ، نه‌جات ، ئه‌خته‌ر ، حه‌مه‌سه‌عید ، سروه‌ ، شه‌هلا و سه‌لاح) (1).

دوای پێكهێنانی هاوسه‌رگیری پشتیوان به‌په‌روه‌ردگار و هێزو بازوو و متمانه‌ به‌خۆی ڕووده‌كاته‌ بازاڕ به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی وخانه‌واده‌كه‌ی ، ده‌بێته‌ چایچی ( چایخانه‌یه‌ك له‌بازاڕی پانیبه‌ر فرۆشه‌كانی شاری سلێمانی ده‌كاته‌وه‌) (2).

هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر پیشه‌ی چایچێتیه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت تاساڵی (1938) بۆماوه‌ی دوو ساڵ واته‌ تا (1940)  له‌به‌رحه‌وزه‌كه‌ ، نزیك دوكانی ( حاجی عارفی عه‌تار) حوجره‌یه‌كی كردۆته‌وه‌ منداڵانی فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی ( جزمی عمی ) كردووه، ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا مه‌به‌ستی بووه‌ منداڵانی شاره‌كه‌ی فێری خوێندنه‌وه‌و نوسین بكه‌ت له‌ڕێی حوجره‌وه‌‌.

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ژیانێكی هه‌وارز نشێوی هه‌بووه‌ ، به‌رده‌وام نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وكارانه‌ی كردوونی، له‌ساڵی (1940) واز له‌ حوجره‌كه‌ دێنێ و له‌هه‌مان ساڵدا دوكانێكی به‌قاڵی ، فرۆشتنی سه‌وزه‌و میوه‌ بۆماوه‌ی (10) ساڵ ، واته‌ تاساڵی (1950) داده‌نێ و بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی پێ دابین ده‌كات، له‌م كاره‌شی به‌رده‌وام نابێت و ڕوو ده‌كاته‌ كاری بازرگانی و ده‌چێته‌‌ شاری به‌غداو كوتاڵ ده‌هێنێ بۆسلێمانی، ئه‌و كوتاڵانه‌ی هێناویه‌تی له‌ڕێێ كاری ده‌ستگێڕی یه‌وه‌ به‌‌كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری سلێمانیدا ده‌گه‌ڕێت و ده‌یانفرۆشێت‌،ئه‌م كاره‌شی ماوه‌ی (15) ساڵی خایاندووه‌ ( 1950تا1965) .

له‌ساڵی (1951) ئیبراهیم حه‌زینی خۆشخوان ، بۆجاری دووه‌م ژیانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خاتوو ( سه‌لمه‌)  پێكدێنێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ  هاوسه‌ری دووه‌می ته‌نها ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و نیو درێژه‌ به‌ژیان ده‌ده‌ن و پاشان لێك جیاده‌بنه‌وه‌.

ده‌ست به‌رداری ئه‌و كاره‌شی ده‌بێت، له‌ساڵی (1965 تا 1968) ، له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی ( مۆڵگه‌ی سه‌ربازی) ، كه‌ به‌ ( حامیه‌ی سلێمانی) ناسراو بووه‌ ، له‌لای مزگه‌وتی ( سه‌رچاوه‌ی كانیی ئاسكان) چێشتخانه‌و چایخانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م پیشه‌ نوێیه‌دا.

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ، به‌هۆی ژیان و كه‌سابه‌ته‌وه‌ ، شوێنی نیشته‌جێ بوونی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی ( چه‌مچه‌ماڵ ) و شاری سلێمانی به‌جێ دێڵێت ، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1968 تا كۆتایی ساڵی 1969)  پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌شاری سلێمانی ، له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌له‌چه‌مچه‌ماڵ بووه‌ دوكانێكی عه‌تاری ده‌كاته‌وه‌.

له‌كۆتایی ساڵی (1969) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی  و به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشیی ته‌نگی پێهه‌ڵده‌چنێ و چیتر توانای كاركردنی نامێنێ .

په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین .

هونه‌رمه‌ند له‌به‌رئه‌وه‌ی زاده‌ی گه‌ڕه‌كی كانیی ئاسكان ،  ماڵیان له‌پشتی مزگه‌وتی گه‌وره‌ بووه‌ و ، خۆشیی كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و كۆڕو مه‌جلیس گه‌رمكه‌ر بووه‌  به‌قسه‌ خۆشه‌كانی و هه‌رگیز ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بێزار نه‌كردووه‌ ، به‌ڵكو خۆش به‌خت و دڵخۆش بوون له‌كۆڕی ئیبراهیم حه‌زیندا  دانیشتوون ،ده‌نگخۆش و شاره‌زابووه‌ له‌چرینی مه‌قام و ته‌واشیحی دینی  و ده‌فژه‌نێكی شاره‌زا بووه‌ ، له‌زۆربه‌ی شه‌واره‌ی له‌دایكبوونی  منداڵ و مه‌ولوده‌كاندا به‌ده‌نگی خۆش و ده‌فژه‌نینه‌كه‌ی به‌شداری كردووه‌‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ زۆری خۆش ویستووه‌ و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵدا  هونه‌رمه‌ند  دا هه‌بووه‌‌ ( شێخ له‌تیفی  كوڕی شێخ مه‌حمودی حه‌فید) بووه‌، جه‌نابی شێخ له‌تیف سه‌رسام بووه‌  به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی،هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین چه‌ندین جار له‌ماڵی (شێخ له‌تیفی حه‌فید) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) و چه‌ند خۆشخوانێكی دیكه‌ به‌شداری چه‌ندین بۆنه‌ و مه‌ولود خوێندنه‌وه‌ی كردووه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ ( وه‌ستا عه‌لی عارف عه‌زیز ده‌لاك  و وه‌ستا مه‌حمودی ده‌لاك ) دا هه‌بووه‌ ،

هه‌روه‌ها له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندان  ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا حه‌مدیه‌ فه‌ندی، ڕه‌فیق چالاك ، ڕه‌شۆڵ و تالیب مه‌جید ناسراو به‌(ته‌له‌)  ، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ و كه‌ریم كابان )هه‌بووه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ مه‌لا بووه‌  به‌ڵام مه‌لایه‌كی كراوه‌ و ڕۆشنفكر بووه‌ له‌زۆر به‌زمی خۆشیی و شادی و سه‌یران و گه‌شت و جه‌ژن و یاده‌كان له‌ده‌شت و ده‌رو سه‌یرانگاكانی ده‌وروبه‌ری شاری سلێمانی به‌شداری كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئایینی دا گه‌شه‌ی كردووه‌ ، به‌ڵام حه‌زو ئاره‌زووی زۆری هه‌بووه‌ بۆ هۆنراوه‌ی شاعیرانی كلاسیك، ئه‌م خولیاو عه‌شقه‌ی بۆ هونه‌ر ده‌بێته‌ هه‌وێنی سه‌رسام بوون و  له‌به‌ركردنی هۆنراوه‌ی گه‌لێك له‌وشاعیرانه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاره‌زووی له‌شعیری ته‌سه‌وف بووه‌.

 هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین و تۆماركردنی گۆرانی و ته‌واشیحی دینی ..!

جێی داخه‌ له‌ته‌واوی كوردستان گه‌لێك ده‌نگخۆش و به‌سته‌بێژ و مه‌قامبێژ و لاوك و به‌ندو حه‌یرانبێژمان هه‌بووه‌،كه‌ ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ ، یان له‌سه‌رده‌می ئه‌واندا ئامێری تۆماركردن ، یان ڕادیۆ نه‌بووه‌ تا ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كانیان وه‌ك ئه‌رشیف بمێننه‌وه‌، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌  ده‌نگی كۆمه‌ڵێك خۆشخوانی به‌سۆز له‌ڕێی كۆمپانیاكانی گرامافۆنه‌وه‌ ده‌نگیان  تۆماركراوه‌  ، یان ئه‌و به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆشانه‌ له‌ڕێی كه‌سێكی هوشیار و به‌ئاگا و دڵسۆزه‌وه‌ براونه‌ته‌ ڕادیۆ كوردییه‌كان ، به‌تایبه‌تی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌نگیان تۆماركراوه‌ و له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی گۆرانی و مۆسیقای كوردی دا ماونه‌ته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین به‌هۆی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كاری بازرگانیكردنی كوتاڵ‌ و سه‌ردانی  شاری به‌غدای كردووه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌فیق چالاك ، ڕه‌شۆڵ و تالیب مه‌جید ) دا هه‌بووه‌، چۆته‌ به‌غدا و چه‌ند گۆرانیه‌ك و مه‌قام و ته‌واشیح و ستایشی ئایینی تۆماركردووه‌،

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و نووسه‌ر سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م دیدار و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌نگی خۆشیی ئیبراهیم حه‌زین ، به‌وشێوه‌یه‌ بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ ( یه‌كه‌م جار  خوالێخۆشبوو ئیبراهیم حه‌زینم چاو پێكه‌وت له‌ئیزگه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا بوو یه‌كترمان ناسی ، ئه‌گه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كه‌م هه‌ڵه‌نه‌بێ ساڵی (1953) بوو ڕۆژێكیان چوومه‌ ئیزگه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی ئاهه‌نگی گۆرانی خۆم، كه‌چوومه‌ ژووره‌وه‌ ( عه‌لی مه‌ردان و ڕه‌فیق چالاكی بێژه‌ر) له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دانیشتبوون و كابرایه‌ك له‌نێوانیاندا بوو، یه‌كێكی ڕوومه‌ت پف دراوی سه‌رگه‌وره‌  و مل كورت و ڕه‌نگ گه‌نمی مه‌یله‌و ئه‌سمه‌ر ، جه‌مه‌دانیه‌كی له‌سه‌ر به‌ستبوو  جلی كوردی له‌به‌ردابوو، سه‌لامم كردوو له‌ته‌نیشت ڕه‌فیق چالاك ڕوونیشتم، به‌خێرهاتنیان كردم ، كاك ڕه‌فیقی هونه‌رمه‌ند لێی پرسیم : ئه‌م كابرایه‌ ده‌ناسی؟

من سه‌یرێكی باشم كرد و وتم نه‌وه‌ڵڵا..!

وابزانم پێشتر نه‌مدیوه‌  و ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ بیبینم ، كابراكه‌ش منی نه‌ده‌ناسی و و گوتی ( به‌خوا منیش پێشتر نه‌مبینیوه‌ ، كێیه‌؟

مامۆستا عه‌لی مه‌ردان پێی وتم : ( ئه‌مه‌ ئیبراهیم حه‌زینه‌) گوێت لێ بووه‌؟ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هاته‌وه‌ بیرم یه‌ك دوو گۆرانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م گوێ لێ بووه‌، به‌تایبه‌تی ( ئامین و ئامین و لیمۆ هه‌ی لیمۆ) چونكه‌ ئه‌و گۆرانییانه‌ له‌كۆیه‌ له‌مناڵییه‌وه‌ گوێم لێیان بووه‌،هه‌ڵسام و تۆقه‌م له‌گه‌ڵیدا كردوو و به‌خێرهاتنم كرد، ئه‌ویش به‌هه‌مان شت به‌ڕوویه‌كی خۆشه‌وه‌ ده‌ستی گوشیم ، دوای ئه‌و دیداره‌ یه‌ك دووجاری دیكه‌ چاوم پێكه‌وته‌وه‌ له‌ئیزگه‌ یا له‌ چایخانه‌ بچووكه‌كه‌ی ته‌نیشت ئیزگه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ وه‌ك مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  و بێژه‌ر كاك عادل عیرفان باسی سلێمانی بۆده‌كردین، پیاوێكی قسه‌ خۆش و نوكته‌زان بوو، كۆمه‌ڵێك گۆرانی خۆش و شیرینی تۆماركردووه‌ له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا یان له‌ماڵان له‌سلێمانی ، ئیبراهیم حه‌زین خاوه‌نی ده‌نگێكی تایبه‌تی بوو كه‌ جۆره‌ سۆزێكی هه‌ستپێكراوی له‌قوڕگه‌وه‌، به‌هه‌ناسه‌یه‌كی كه‌مێك كورت ، له‌قوڵایی سییه‌كانیه‌وه‌ له‌سینگییه‌وه‌ ده‌رئه‌چوو ، ڕه‌نگه‌ له‌كاتی گه‌نجایه‌تی دا هه‌ناسه‌كه‌ی  درێژتر بووبێت، به‌ڕای من له‌ئه‌نجامی كێشانی جگه‌ره‌ی زۆره‌وه‌، ورده‌ ورده‌ هه‌ناسه‌كانی كورت بۆته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاری نه‌كردۆته‌ سه‌ر له‌زه‌تی خۆشیی ده‌نگه‌كه‌یی و ژێیه‌كانی ده‌نگی و له‌رینه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی به‌تامیان هه‌یه‌) (3).

به‌پێی دووسه‌رچاوه‌ له‌نوسینه‌كانی مامۆستا باكووری  و تاهیر كرمانج و ، هه‌روه‌ها له‌رێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندی شانۆ و دراما ( حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیم ) كوڕی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ، هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی (1947)  دووجار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌فیق چالاك و تالیب مه‌جید و ڕه‌شۆڵ ) چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و چه‌ندگۆرانیه‌كی تۆماركردووه‌  وه‌ك ( ئامینێ و ئامین ، به‌قامه‌ت خه‌رمان ، یار جوانه‌ ، خانمۆڵێ ، له‌وباغه‌یدا،  به‌هاران چ مه‌حزوون ، شه‌تڵه‌ ڕه‌یحانه‌ ، بارانه‌ ، كاكه‌ له‌ چه‌مه‌وه‌ دێ ، ده‌ستم لێ مه‌ده‌ن، هه‌ی خانم ، هۆ گوڵ،  ئه‌رێ هۆرێبوار و ڕه‌زیه‌ و چه‌ند مه‌قامێك و ستایشی ئایینی ) (4).

به‌ڵام به‌ڕای ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌ر و پێشكه‌شكار ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) ئه‌و ڕێكه‌وته‌  ساڵی (1947) به‌دروست نازانێ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌له‌و ساڵه‌دا گۆرانی تۆمارنه‌كردووه‌له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ،نووسه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌ تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ده‌دات ( به‌پێی به‌ڵگه‌ی دیار و په‌خشنامه‌ی ( هونا به‌غداد) ئیبراهیم حه‌زین كه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر ڕادیۆی كوردیی به‌غداد، له‌سه‌ر سیم وایێر له‌نێوان ساڵانی (1947_1950) دا چ سترانێكی تۆمارنه‌كردووه‌، به‌ڵكه‌ له‌سه‌ر دوو جۆر قه‌وانی ڕادیۆیی ( ماركۆنیی ، ماستر ساوند سیسته‌م ) حه‌وت سترانی تۆماركردووه‌  و ،بۆیێكهه‌مین كه‌ڕه‌تیش له‌ڕۆژی یێكشه‌ممه‌ 1/7/1951 دا ناوی سترانی تۆماربووی بۆ مه‌ودای چاره‌ك سه‌عاتێك له‌به‌رنامه‌كانی ڕادیۆدا ده‌ركه‌وتووه‌، سترانی فره‌ نین و گشتی  بێ له‌چه‌ند ستایشێكی ئایینی و دوازده‌ به‌سته‌ی فۆلكۆرییه‌)(5).

به‌هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو بۆ چوونه‌كان سه‌باره‌ت به‌ساڵی تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خ و خۆش حاڵییه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ئه‌وده‌ره‌فه‌ته‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه‌و  ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ی تۆماركردووه‌ و وه‌ك ئه‌رشیف ماونه‌ته‌وه‌ ، به‌پێی نوسینه‌كه‌ی  ( تاهیر كرمانج )  نوسیویه‌تی ( سه‌رجه‌می گۆرانییه‌كانی ده‌گاته‌ (15) گۆرانی  و چه‌ند ستایشێكی ئایینی ) (6) .

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی (1947 تا 1950 یان 1953) ئه‌و گۆرانی و مه‌قام و ته‌واشیحه‌ ئایینی یانه‌ی تۆماركردبێت ، چیدیكه‌ نه‌چۆته‌وه‌ ڕادیۆ ، به‌ڵام له‌شاری سلێمانی به‌شداری زۆری له‌ ئاهه‌نگ و كۆڕوكۆبونه‌وه‌ی یاران  و شه‌واره‌و  مه‌ولود خوێندنه‌وه‌دا كردووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ هیچیان تۆمارنه‌كراوون، ته‌نها له‌و ساته‌وه‌خته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ خوێندراون ، هه‌ست و نه‌ستی ئاماده‌بووانیان خۆش سه‌رسام كردووه‌، لێره‌دا پرسیارێك له‌هه‌ستمدا دروست بووه‌ ، له‌وكاته‌دا كه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین  ناو  و ناوبانگی هه‌بووه‌ و له‌ڕێی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی به‌خه‌ڵكی ناساندووه‌ و به‌پێی گۆڤاری ( هان به‌غداد) له‌ژمار(3) ی ئاداری (1955) ، گۆرانییه‌كانی به‌پێی خشته‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانی له‌ڕادیۆی به‌غدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، بۆنموونه‌ :

1/ پێنج شه‌ممه‌ 3/3/1955 كاتژمێر (7:30)  گۆرانی ( ئامینێ و ئامین و به‌قامه‌ت خه‌رامان  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

2/ پێنج شه‌ممه‌ 10/3/1955 كاتژمێر (7:30)  )  گۆرانی ( یارجوانه‌ و خانمۆڵێ  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

3/ پێنج شه‌ممه‌ 17/3/1955 كاتژمێر (7:30)  )  گۆرانی ( له‌و باغه‌یدا  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

4/ پێنج شه‌ممه‌ 31/3/1955 كاتژمێر (7:30)   گۆرانی ( له‌وباغه‌یدا  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

5/  له‌رێكه‌وتی (17/11/1955) گۆرانی ( ساقی ده‌روێشان  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

6/ له‌رێكه‌وتی (24/11/1955) گۆرانی ( شه‌تڵه‌ ڕه‌یحانه‌  و بارانه‌  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

7/ له‌رێكه‌وتی (1/12/1955) كاتژمێر (6:50)  گۆرانی ( به‌هاران چ مه‌حزوون _ ئیبراهیم حه‌زین) .

8/ له‌رێكه‌وتی (8/12/1955) كاتژمێر (6:50)  گۆرانی ( شه‌تڵه‌ ڕه‌یحانه‌  و بارانه‌  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

9/ له‌رێكه‌وتی (15/12/1955) كاتژمێر (6:50)  گۆرانی ( ئه‌رێ هۆ ڕێبوار و كاكه‌ له‌چه‌مه‌وه‌دێ  _ ئیبراهیم حه‌زین) .

10/ له‌رێكه‌وتی (22/12/1955) كاتژمێر (6:50)  گۆرانی ( ئامینێ و ئامین  و به‌قامه‌ت خه‌رامان  _ ئیبراهیم حه‌زین) .(7) .

به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌ بێت گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌  په‌خش و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ یه‌  له‌و ساڵه‌دا (1955) له‌شاری سلێمانی به‌هۆی دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی به‌هره‌مه‌ند و هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینی مۆسیقا ، له‌شاری سلێمانی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ) دامه‌زراوه‌ ، ئه‌م تیپه‌ مۆسیقییه‌ ده‌رگای تیپ و ئامێزی خۆیان ئاوه‌ڵاكردووه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگخۆشانی شاری سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان ، چه‌ندین هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ئه‌م تیپه‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان گه‌یاندۆته‌‌ جه‌ماوه‌ر ، به‌ڵام له‌وكاته‌دا ده‌نگ و سه‌دای هونه‌رمه‌ندئیبراهیم حه‌زین  له‌لوتكه‌ی چڕینی به‌سته‌و مه‌قام دا بووه‌، زۆر هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌شۆڵ ) بووه‌ ، چۆنه‌ ؟ كه‌ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین نه‌چۆته‌ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ؟! یان  هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ساڵی (1955 تا نه‌ورۆزی ساڵی 1963) به‌ده‌یان ئاهه‌نگ و كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ و چالاكی هونه‌رییان له‌شاری سلێمانی  و هه‌ڵه‌بجه‌و ڕانیه‌و هه‌ولێر و كۆیه‌ ، ئه‌نجامداوه‌ ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ بانگهێشتی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین یان نه‌كردووه‌ تا سوود له‌تواناو به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی وه‌ربگرن..!

هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی چه‌ندساڵێك هیچ به‌رهه‌مێك له‌ڕادیۆی كوردی تۆمار ناكات ، له‌ ساڵی (1967) له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌دا  ( عوسمان محه‌مه‌د فایه‌ق، ناسراو به‌  عوسمانی فایه‌قه‌ كه‌چه‌ڵی پۆلیس) به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیان هه‌بووه‌ ، داوا له‌هونه‌رمه‌ند ده‌كات  كه‌ بێته‌ ڕادیۆ و چه‌ندبه‌رهه‌مێكی بۆتۆماربكه‌ن و به‌ڵێنی هاوكاری و كارئاسانی پێده‌دات ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین جارێكی دیكه‌ ڕوو ده‌كاته‌وه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ، له‌ماوه‌ی (3) سێ ڕۆژدا كۆمه‌ڵێك ستایشی ئایینی بۆتۆمارده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا پاداشت ده‌كرێت.

ئه‌و به‌رهه‌م و سرووته‌ ئایینیانه‌  دوا به‌رهه‌می تۆماركراوی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت ، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌، ته‌نها (53) ساڵ ژیانی كردووه‌، به‌ڵام چه‌شتنی سه‌ختییه‌كانی ژیان و نه‌خۆشیی هه‌ره‌سیی پێ دێنێ و ڕۆژ به‌ڕۆژ جه‌سته‌ی ماندووی له‌به‌رابه‌ر نه‌خۆشیدا شه‌كه‌ت و لاواز ده‌بێت، به‌داخه‌وه‌  ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خاوه‌ن چریكه‌و  ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ له‌ڕۆژی شانۆی جیهانیدا ، له‌رێكه‌وتی (27/3/1970) ، كه‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌گشتی و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی سه‌رحاڵ و سه‌رمه‌تی رێكه‌وتنی به‌یانی ( 11ی ئاداری 1970) بوون ، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ خه‌ڵك شادی و خۆشیی  ده‌گێڕاو ئارامیی باڵی به‌سه‌ركوردستاندا كێشابوو ، ئیبراهیم حه‌زینی هونه‌رمه‌ند ، دواساته‌كانی ته‌مه‌نی ده‌بێت و له‌ته‌مه‌نی (53) ساڵیدا بۆهه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قام و ته‌واشیحی ئایینی و خانه‌واده‌و جگه‌رگۆشه‌كانی و ئازیزان و شاره‌كه‌ی ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كرێت و گۆڕستانی ( شێخ محێدین) ده‌بێته‌ دواهه‌وار و مه‌نزڵگه‌ی هه‌میشه‌یی ، ڕۆحی شاد و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز بێت.

جه‌مالی ده‌لاك  2/7/2022 هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

( 1 و 3 و4 و7) ئیبراهیم حه‌زین ، كتێبی ( گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ) به‌شی دووه‌م ،دانانی (باكووری) ، لاپه‌ڕه‌ ( 154).

( 2 و 5) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939_1958) به‌رگی یه‌كه‌م_جزمی یه‌كه‌م ، نوسینی بابی لالۆ... كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د، لاپه‌ڕه‌(593 و 594).

(6) كتێبی  ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ( تاهیر كرمانج) به‌رگی یه‌كه‌م (1990) ، لاپه‌ڕه‌ ( 26).

سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك  له‌ به‌رێزان  ( حه‌مه‌ سه‌عید و عه‌بدولقادر  ئیبراهیم كوڕانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم حه‌زین ، هه‌روه‌ها لیوا ئه‌حمه‌د عه‌لی عارف عه‌زیزی ده‌لاك ) له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی (27/6/2022) زانیاریان پێ به‌خشیم (ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.