Erbil 38°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 13:57

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی كشتوكاڵ: دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە کشتوکاڵییەکان بە لێخۆشبوونی 15% تاوەکو 20ی ئەیلولە

کوردستان TV
100%


بانكی كشتوكاڵی هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌ بانكەکانی ‌شاری هه‌ولێر و به‌رده‌وام ئاسانكارییه‌كی ته‌واو پێشكه‌ش بە جوتیاران ده‌كات، له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣ه‌وه،‌ ئه‌م بانكه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كارا كرایه‌وه‌ و خرایه‌وه‌ خزمه‌تی جوتیاران. دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م و بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی قه‌رزی جوتیاران و سوودی كه‌ڵه‌كه‌بووی سه‌ر قه‌رزه‌كان، بڕێكی ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌كو قه‌رز درابوویه‌ جوتیاران له‌ ڕێگای ئه‌و بانكه‌وه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌ .
بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی قه‌رزی كشتوكاڵی
له‌ ساڵی ٢٠٠٩ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بانكه‌ كشتوكاڵییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان كرا، به‌شێك له‌و گوژمه‌یه‌ له‌ ڕێگا‌ی بانكی كشتوكاڵی هه‌ولێرەوە وه‌كو قه‌رز درایه‌ جوتیارانی سنووری پارێزگاکە بۆ ئەوەی جوتیاران سوودی لێ وەربگرن و کەرتی کشتوکاڵیش گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت.
مه‌هدی خالید عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی كشتوكاڵی هه‌ولێر بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، دوای ته‌مویلكردنی بانكه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانەوە، له‌ ساڵی ٢٠٠٩ تاكو ٢٠١٣، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بڕی ٧٢ ملیار و ٤٩٦ ملیۆن و ٥٩ هه‌زار و ٦٠٠ دینار بۆ بانكی كشتوكاڵیی هه‌ولێر دابین كرا، به‌ مه‌به‌ستی پێدانی قه‌رزی كشتوكاڵی، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بڕی ٧٢ ملیار و ٤٧٩ ملیۆن و ٩٨٥ هه‌زار و ٦٠٠ دینار، وه‌كو قه‌رز درایه‌ ٢ هەزار و ٩٨٠ پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی، و جوتیارانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر لێی سوودمه‌ند بوون.
بە گوتەی مەهدی خالید، پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان سستییه‌كی تێکەوت و تا كۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢٢ له‌و گوژمه‌یه‌ی وه‌كو قه‌رز درابوویه‌ جوتیاران ته‌نیا ٥٣ ملیار و ٨٢٥ ملیۆن و ٦٦١ هه‌زار دینار له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌ گه‌ڕێندرابوویه‌وه،‌ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی ٧٤،٢٦%یی قه‌رزه‌كان و بڕی پاره‌ی نه‌گه‌ڕاوه‌ش كه‌ له‌ ئه‌ستۆی جوتیاره‌كان مابوویه‌وه‌ وه‌كو قه‌رز ١٨ ملیار و ٦٥٤ ملیۆن و ٣٢٤ هه‌زار دینارە كه‌ ده‌كاته‌ ٢٠،٧٤%ی قه‌رزه‌كان، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی جوتیاران بڕیاری لێخۆشبوونی ١٥%ی قه‌رزی كشتوكاڵی ڕاگەیێندرا، كه‌ به‌ هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه‌ زۆربه‌ی گرفته‌كان چارەسەر کران و ٥٠٠ جوتیار سوودمه‌ند بوون و بڕی قه‌رزی لێخۆشبووش بریتی بوو له‌ یه‌ك ملیار و ٦ ملیۆن و ٧٥٠ هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لێخۆشبوونی ته‌واوی سوودی كه‌ڵه‌كه‌ بوو، كه‌ بڕه‌كه‌ی یه‌ك ملیار و ٨٠٤ ملیۆن و ٣٧٤ هه‌زار دینار بوو، كه‌ له‌ ئه‌ستۆی جوتیاره‌‌كان بوو كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م داده‌نرێت له‌ ڕووی یارمه‌تیدانی جوتیاران و پێویستە ئەوەش بوترێت کە ٢٠ی ئه‌یلوول دوا واده‌ و ده‌رفه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانه‌ به‌ لێخۆشبوونی ١٥% .
ڕێژه‌ و ژماره‌كان
ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ بڕی ئه‌و قه‌رزانه‌ بكرێت و به‌راوردێك بكرێت بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ژماره‌ و جۆری پرۆژه‌كان و گوژمه‌ی ته‌رخان كراو بۆ پڕۆژه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو:
- ژماره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی قه‌رزیان وه‌رگرتووه‌ ٢هەزار و٩٨٠ پڕۆژه بوون.‌
- ژماره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی قه‌رزه‌كانیان گه‌ڕاندووەته‌وه‌ ٢هەزار و ٢٠٧ پڕۆژه‌ بوون.
- ژماره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی قه‌رزه‌كانیان نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ ٧٧٣ پڕۆژەن.
جۆری پڕۆژه‌كان
- ٨٩٩ پڕۆژه‌ی بیری ئیرتیوازی ١٩،٨٣% پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٨٧،٦٤% ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ .
- ٧٧٨ پڕۆژه‌ی ئامێری پڕژاندن ٢٣،٦٤%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٧٥.٣٠%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٥٤٧ پڕۆژه‌ی تراكتۆر ٢٢.٢٧%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٧٩.١٠%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٤١٢ پڕۆژه‌ی هێڵی كاره‌با ٨،٣٩%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٨٠،٥٦%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ١١٤ پڕۆژه‌ی ده‌ڕاسه‌ ١٠.٨٠%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٣٥.٤٠%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٨٠ پڕۆژه‌ی په‌له‌وه‌ر ٦.١٤%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٧٠%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٦٩ پڕۆژه‌ی باخداری ١،٨٩%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ١٨،٣٤%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٥٥ پڕۆژه‌ی خانووی پلاستیكی ٢.٦٤% پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٨٩.٣٢%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ١٥ پڕۆژه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ ٠،٧٦% پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٨٤.٠٦%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٦ پڕۆژه‌ی كۆگای ساردكه‌ره‌وه‌ ٣.٣٩%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٥٦.٦٦%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٣ پڕۆژه‌ی ‌هه‌نگ ٠.٢١%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ٦٣،٤٢% قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.
- ٢ پڕۆژه‌ی ماسی ٠،٠٥%ی پاره‌ی قه‌رزی بۆ ته‌رخان كراوه‌ ١٠٠%ی قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.