نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.9.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازیکرد لە د.هند ئەلسامەرائى، سەرۆکى کۆڕبەندى ڕۆشنبیرى ئاشتیى عێراقى و شاندێکى یاوەرى.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، شاندى میوان وێڕاى ئەوەى زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییەى گەرمەى کە لێیانکرا، کورتەیەکیان لەبارەى ئامانج و کار و چالاکییەکانی خۆیان پێشکەش کرد، دواتر گفتوگۆ لەبارەى چالاککردنى جموجۆڵى ڕۆشنبیرى نێوان سەرجەم پارێزگاکانى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى کرا.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر گەشەپێدانى پەیوەندییەکان و لەیەکتر نزیکردنەوە ڕۆشنبیران لە چوارچێوەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆشنبیرى هاوبەش لەنێوان ڕۆژشنبیرانى هەرێمى کوردستان و عێراق کە لەئێستادا لەلایەن کۆڕبەندى ڕۆشنبیرى و ئاشتى عێراقى ئامادەکارى بۆدەکرێت لە هەولێرى پایتەخت ئەنجامبدرێت بەئامانجى خولقاندنى برایەتى گشتیى لە نێوان ڕۆشنبیران و بونیاتنانى پردى پەیوەندى و داڕشتنى لێکتێگەیشتنى هاوبەش بۆ چارەسەرکردنى گرفتە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى عێراق و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى و پێگەیاندنى نەوەیەکى خوێندەوار و هۆشیار کەتواناى ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارى و بەرپرسیاریەتى نیشتیمانى هەبێت لە دواڕۆژدا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "بەگرنگییەوە دەڕوانییە کارەکانتان و بەگەرمى پێشوازیى لە ئەنجامدانى ئەم کۆنگرەیە لەهەولێرى پایتەخت دەکەین، هەموو پشتیوانى و هاوکاریى و ئاسانکارییەکتان پێشکەش دەکەین، ئومێد دەکەین ئەو هەماهەنگى و هاوکارییەى لەنێوان ئێوە و ڕۆشنبیرانى هەرێمى کوردستانیش هەیە پەرەى زیاترى پێبدرێت".
لەهەولێر کۆنگریەکى هاوبەش لەنێوان ڕۆشنبیرانى هەرێمى کوردستان و عێراق ئەنجامدەدرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.