Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 19:09

هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌نرا.. به‌مزووانه‌ كۆڕۆنا به‌یه‌كجاری كۆتایی دێت

کوردستان TV
100%

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌واڵێكی خۆشی بۆ هه‌موو جیهان ڕاگه‌یاند و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌ كۆتایی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019 تا ئێستا ملیۆنان كه‌س به‌هۆی په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا.

تیدرۆس ئه‌دهانۆم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ڕایگه‌یاند: ئێستا جیهان له‌ هه‌موو كات نزیكتر بۆته‌وه‌ له‌ زاڵبوون و كۆتاهاتنی یه‌كجاری په‌تای كۆڤید 19.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌م قسه‌یه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند: هه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌ی مردووانی په‌تاكه‌ بۆ نزمترین ئاست دابه‌زیوه‌، له‌ ئاداری ساڵی 2020 تا ئێستا هیچ كات دۆخی ته‌ندروستی جیهان وه‌ك ئێستا باش نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا هۆشداری دا كه‌ پابه‌ند بن به‌ ڕێنماییه‌كان، چونكه‌ ئێستا كۆتایی كۆڕۆنا له‌ژێر ده‌ستانه‌‌.

ڕاشیگه‌یاند: دۆخی‌ ئێستای مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ كۆڕۆنا وه‌ك وه‌رزشوانێكی‌ به‌شداری ماڕاسۆنه‌‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی توانا و هێزه‌وه‌ ڕاده‌كات و كۆتاییه‌كه‌شی لێ دیاره‌، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات توندتر ڕأبكات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ خاڵكی كۆتایی، ئێمه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌م وه‌رزشوانه‌ كۆتایی كۆڕۆنامان لێ دیاره‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌له‌ نه‌قۆزینه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی گۆڕاوی تر ده‌بینه‌وه‌ و مردنی زیاتری خۆشه‌ویستانمان ده‌بینین. بۆیه‌ داوای له‌ هه‌موو هاووڵاتییانی جیهان كرد ئه‌م هه‌له‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ن و پابه‌ندی زیاتری ڕێنماییه‌كان بن بۆ ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی كه‌ ماوه‌.

به‌گوێره‌ی نوێترین داتای ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌ری خستووه‌ كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 600 ملیۆن كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان تووشی كۆڕۆنا بوون، ڕێژه‌ی مردنیش تا ئێستا بریتییه‌ له‌ 6.4 ملیۆن كه‌س.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.