Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 19:16

باربارا لیڤ: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی پرسی نەوت و گازی هەرێم دۆخی عێراق باشتر ناكات

کوردستان TV
100%

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی پرسی نەوت و گازی هەرێم دۆخی عێراق باشتر ناكات.

باربارا لیڤ، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، سه‌باره‌ت به‌ پرسیارێک له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و گازی هه‌رێم و بڕیاره‌كه‌ی دادگەی فیدراڵی ڕایگەیاند: له‌ سه‌ردانی ئه‌م مانگه‌دا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، پێشنیارم كردووه‌ کە هه‌ردوو لایه‌نی ناكۆكی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ نێوه‌ندگیری لایه‌نی سێیه‌م، ده‌ست به‌ دانووستان بكه‌ن.

ڕاشیگەیاند: ئه‌وه‌ی پێشنیارم كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا و هه‌ولێر ڕێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نێوه‌ندگیری لایه‌نی سێیه‌م له‌هه‌ر كوێیه‌ک پێیان باشه‌ گفتوگۆ بكه‌ن و ده‌رفه‌ت بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ بڕه‌خسێنن.

لیڤ دوپاتیشی کردەوە کە چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ زۆری خایاندووه‌ و چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری به‌دوادا هاتووه‌ و پێویسته‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ده‌رچه‌یه‌كی یاسایی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و بابه‌ته‌كه‌ پێویستی به‌ هه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و گاز هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

ڕوونیشی کردەوە کە بڕوای وایه‌ په‌یامه‌كه‌ی به‌باشی گه‌یشتووه‌ به‌ هه‌ولێر و به‌غدا. جەختیشی کردەوە کە دڵنیایە سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌توانن میكانیزمێكی نوێ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌ بدۆزنه‌وه‌، جا له‌ ڕێگەی نێوه‌ندگیرییه‌كی فه‌رمی بێت یاخود ڕاسته‌وخۆ خۆیان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن.

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی نزیک، باربارا لیڤ ئاشكراشی كرد، ئه‌مه‌ریكا هیچ هه‌ڵوێستێكی یاسایی و ده‌ستووری له‌باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگەی ئیتیحادی نانوێنێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ ڕه‌وشی عێراق باشتر ناكات.

 

ڕەحیم ڕەشیدی/ ئەمریکا

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.