Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 09:26

له‌چامپیۆنزلیگدا ڕیال مه‌درید و سیتی و میلان و پاریس سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا، چێڵسیش یه‌كسانبوو و یوڤێنتوسیش دۆڕا

کوردستان TV
100%


یانەی ڕیال مەدرید پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووەم سەركەوتنی لەسەریەكی لەم وەرزەی خولەكە بەدەستهێناو لە گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكان و له‌ یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ له‌ مه‌درید بە دوو گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی لایپزیگی میوانی بردەوە.
 دوای تەواوبوونی گێمی یەكەم بە یەكسان بوونی هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ، لە گێمی دووەم و لە خولەكی هەشتادا، ناوەڕاستكاری ئۆرگوایی، فیدریكۆ ڤالڤێردی گۆڵێكی بۆ ڕیال تۆماركرد، پاشان یاریزان ماركۆ ئەسێنسیۆ گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری لە دواساتەكانی یاری بەدەستهێنا.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی ڕیال مەدرید لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی شەشەم بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوەو لایپزیگیش دووەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.

هەر لە گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاو لە یاری لوتكەی گڕوپی حەوتەمی خولەكەدا، یانەی مانچستەرسیتی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی بروسیا دۆرتمۆندی میوانی بردەوە.
 لە گێمی یەكەم هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ یەكسان بوون، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوشەشدا، ناوەڕاستكاری ئینگلیزی، جود بێلینگهام گۆڵێكی بۆ دۆرتمۆند تۆماركردو میوانەكانی پێشخست، لەبەرامبەریشدا، یاریزانانی مان سیتی هەوڵی یەكسان كردنەوەی ئەنجامی یاریانداو لە ئاكامی چەند هێرشێك و لە خولەكی هەشتادا، جۆن ستۆنز گۆڵی بەرامبەری تیپی میوانداری بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، دوای چوار خولەكی دیكەش ئێرلینگ هالاندی نۆروێژی و ئەستێرەی سیتیزێنز گۆڵی دووەمی تیپەكەی تۆماركردو ڕووبەڕوو بوونەوەكەش بەم ئەنجامە كۆتایی هات.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی مان سیتی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی حەوتەم بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوەو دۆرتمۆندیش بە سێ‌ خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت .
 

لە یاریەكی دیكەی گەڕی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و لە گڕوپی پێنجەمدا، یانەی چێڵسی میوانداری یانەی ڕێدبوڵ سالزبورگی نەمسایی كردو یاریەكەش لە یاریگای ستامفۆرد بریدج لە لەندەن بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا هەردوو تیپ بە گۆڵێك بۆ هەریەكەیان یەكسان بوون.
 لە گێمی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، لە گێمی دووەم و سێ‌ خولەك دوای فیكەی دەستپێكی ئەم گێمە، ڕەحیم ستێرلینگ گۆڵێكی بۆ چێڵسی تۆماركرد، پاشان یاریزانانی ڕێدبوڵ سالزبورگ هەوڵی یەكسان كردنەوەی ئەنجامی یاریاندا، تا لە خولەكی حەفتاوپێنج، هێرشبەری سویسری، نوا ئۆكافۆر گۆڵی بەرامبەری تیپی میوانی بەدەستهێناو ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی یەكسان كردەوە، بەم ئەنجامەش چێڵسی لە دووەم یاری لەسەریەكی چامپیۆنس لیگ نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بێنێ‌ و بە تەنها خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپی پێنجەم دێت، ڕێد بوڵ سالزبورگیش بە دوو خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دایە.
 
 
هەر لە گەڕی دووەمی گڕوپی پێنجەمی چامپیۆنس لیگ، یانەی ئەی سیی میلان سەركەوتنێكی گرنگی بەدەستهێناو بە سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی دینامۆ زەگربی كڕواتی میوانی بردەوە.
 لە دوایین خولەكەكانی گێمی یەكەم ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ میلان هەژماركردو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، ئۆلیڤێ‌ جیرۆدی فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ تیپی میواندار تۆماركردو ئەم گێمە بەم تاكە گۆڵە بە سوودی ڕۆسۆنێری تەواوبوو، لە گێمی دووەم و دوو خولەك دوای فیكەی دەستپێكی ئەم گێمە، ناوەڕاستكاری بەلجیكی، ئەلێكسیس سالێمایكرێس گۆڵی دووەمی میلانی بەدەستهێنا.
 لەو لاشەوە یاریزان میسلاڤ ئۆرسیچ گۆڵێكی بۆ دینامۆ زەگرب لە خولەكی پەنجاوشەش تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی لە نێوان هەردوو تیپ كەمكردەوە، دواتر یاریزان تۆماسۆ پۆبێگا گۆڵی سێیەمی تیپی میوانداری لە خولەكی حەفتاوحەوت بەدەستهێناو سێ‌ خاڵی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی بۆ تیپی ئیتاڵەكە مسۆگەركرد، بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی میلان لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی پێنجەم بۆ چوار خاڵ بەرزبووەوەو دینامۆ زەگربیش بە سێ‌ خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.

یانەی پاریس سانجێرمان دووەم سەركەوتنی لەسەریەكی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ بەدەستهێناو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ماكابی حەیفای ئیسڕائیلی میوانداری بردەوە.
 لە خولەكی بیست وچواردا، ناوەڕاستكاری هۆڵەندی تیانگۆن شێری گۆڵێكی بۆ ماكابی حەیفا تۆماركردو میواندارەكانی پێشخست، پاشان لە خولەكی سیی و حەوتدا، لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی گۆڵی بەرامبەری تیپی میوانی لە خولەكی سیی و حەوت بەدەستهێناو ئەنجامەكەی لە گێمی یەكەم یەكسان كردەوە، لە گێمی دووەم و لە خولەكی شەستونۆدا، كلیان مباپێ‌ گۆڵی دووەمی پی ئێس جی تۆماركرد، دواتر نێیمار داسیلڤای بەڕازیلی گۆڵی سێیەمی میوانەكانی لە خولەكی هەشتاوهەشت بەدەستهێنا.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی پاریس سانجێرمان لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی هەشتەم بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوەو ماكابی حەیفاش دووەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.

 
لە یاریەكی دیكەی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و هەر لە گڕوپی هەشتەم و لە ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراودا، یانەی یوڤێنتوس لەسەر یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانی شكستی هێناو بە گۆڵێك بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە یانەی بەنفیكای میوانی دۆڕا.
 سەرەتا یوڤێ بە گۆڵێك پێشكەوت، گۆڵەكەش ئەركادیوز میلیكی پۆڵەندی لە خولەكی چوار تۆماری كرد، پاشان یاریزانانی هەوڵی یەكسان كردنەوەی ئەنجامی یاریانداو چەند هێرشێكیان كردە سەر گۆڵی میواندارەكەیان، یەكێك لە هێرشەكانیش لێدانێكی سزای لێكەوتەوەو لە جێبەجێ‌ كردنی لێدانەكەدا، یاریزان جواو ماریۆ گۆڵی بەرامبەری بەنفیكای لە خولەكی چلوسێ‌ بەدەستهێناو ئەنجامەكەی لە گێمی یەكەم یەكسان كردەوە، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوپێنجدا، هێرشبەری بەڕازیلی، داڤید نێرێس گۆڵی دووەم و بردنەوەی تیپە پۆرتوگالیەكەی تۆماركردو سێ‌ خاڵی گرنگی بۆ میوانەكان مسۆگەركرد.
 بەم ئەنجامەش بەنفیكا دووەم سەركەوتنی لەسەریەكی بەدەستهێناو كۆی خاڵەكانی لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی هەشتەم گەیاندە شەش خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەدوای پاریس سانجێرمانی پێشەنگ دێت، یوڤێنتوسیش دووەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دایە.
 


                                          
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.