Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 12:15

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ فه‌رمی داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی پەرلەمانی عێراق دەکات

کوردستان TV
100%

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16ـی 09ـی 2022 به‌ فه‌رمی داوای كرد دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ست پێ بكرێنه‌وه.

 له‌مباره‌وه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان داواكارییه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد و داواكارییه‌كه‌ له‌لایه‌ن 183 ئه‌ندامه‌وه‌ واژۆكراوه‌ و تێیدا داوا كراوه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنێكی نوێ ئەنجام بدات.

ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنرێت له ‌كاتێكدا هه‌ڵوێستی موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌مباره‌وه‌ ته‌مومژاوییه‌.‌ له‌م چوارچێوه‌دا عارف حه‌مامی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ر به‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕایگه‌یاند كه‌ داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرا تا دانیشتنێک ساز بدات پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی چله‌ی ئیمام حوسه‌ین ته‌واو بوو.

 دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ داواكارییه‌كه‌ له‌لایه‌ن 183 ئه‌ندام له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌وه‌ واژۆ كراوه‌ به‌ڵام هۆكاری دانیشتنه‌كه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی لێیان ده‌كۆڵرێته‌وه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراون.

ئه‌م داوایه‌یش پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ 30ـی ته‌مموزی ڕابردوودا دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی تاوەکو كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سارد پاش ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز و ته‌لاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان كۆنترۆڵ كرد و دواتر له‌به‌رده‌میدا مانیان گرت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.