Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:37

وەزیرى خوێندنى باڵا: سبەى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزه‌ی ئامادەیی کارا دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە 18ـی 09ـی 2022 زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزه‌ی ئامادەیی کارا دەکرێت.

د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە یەکشەممە لە کاتژمێر (08:00)ـى بەیانى، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی، تاوەکو کاتژمێر (12:00)ـى شەوى ڕۆژى 27ـی 09ـی 2022 واتە بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچووانی (12)ـی ئاماده‌یی لەو ماوەیە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌ و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ک ده‌رچووان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) كە پێشتر له‌ خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتۆته‌وه‌ فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه‌.

ڕاشیگەیاند: بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی 12ـی ئاشنابوونیان به‌سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتى  (www.regayzanko.com) ڕێبەرى وەرگرتن بەوردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنییه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشی دەگەیەنێت: وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەز و دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوانەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن ئاماژەی بەوە داوە کە ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بەم ناونیشانە (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.