Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:57

ئاسایشی ئاکرێ لەسەر کوژرانی ئەفسەرەکەی پێشمەرگە ڕوونکردنەوە دەدات

کوردستان TV
100%

ئاسایشی ئاکرێ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە کە تۆمەتباری ڕووداوی کوژرانی ئەفسەرەکەی پێشمەرگە کەلوپەلی ئاسایشی بەکارهێنابێ.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 15ـی 09ـی 2022 لە ڕووداوێکی دڵتەزێن تۆمەتبارەک بەناوی (و.ف.س.) لەناو سەنتەری قەزای ئاکرێ ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگەی بەناوی شەهید (عەقید/ سابر جومعە عەبدولڕەحمان) تیرۆر کرد.

وێڕای هاوخەمی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەردەبڕێت، سەبارەت بە لێدوانی برایەکی شەهید (عەقید/سابر)ـی کە بۆ هەندێک لە دەزگای ڕاگەیاندن گوتبووی "تۆمەتباری ڕووداوەکە چەک و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی ئاسایشی بەکارهێناوە"، لەمبارەیەوە ئاسایشی ئاکرێ دەڵێت، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و ئەم بابەتە ڕاست نییە و ئەو چەک و کەلوپەلی سەربازییەی لە تاوانەکە بەکارهێنراوە موڵکی ئاسایش نییە و تایبەت بوونە بە تۆمەتبار، کە وادیارە بەر لە دەرکردنی ڕێنماییەکانی نوێی چەک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ تۆمەتبار دابینی کردووە، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلەی بە تۆمەتبار بووە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بووە و موڵکی ئاسایش نەبووە.

ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ڕۆژی ڕوودانی ئەو تاوانە هێزی ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوونە و بەشدارییان لە دەستبەسەرکردنی تاوانبارەکە هەبووە.

ئاسایشی ئاکرێ دڵنیایی دەداتە هەموو خەڵکی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە داوە کە هەردەم بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئاکرێ و هاووڵاتییان بێ هیچ خەمساردییەک بەردەوام لە ئەرکدا دەبین و یاسا سەروەرە بۆ هەموو چین و توێژێک بێ جیاوازی.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممەی ڕابردوو، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ ئۆتۆمبێڵێک كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی عەقید/ سابر جومعە عەبدولڕەحمان لەگەڵ کچەکەی کوژران، هاوکات هاوژینەکەشی بە سەختی برینداربوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.