هەڵمەتەكانی دەستگیركردن كە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كە لە چەند پارێزگایەكی عێراق ئەنجامدراون، ترسی دروستكردووە لەوەی ئەو هێزە ببێتە دامەزراوەیەكی سەركوتكەر لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و یاسا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی ، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو كە 44 كەسیان لە حەوت پارێزگای عێراق لە ناوەند و باشوور دەستگیركردووە، كە بە گروپی لادەر لە رووی ئایینی وەسفیان كردووە.
لە هەشتی ئەم مانگەشدا حەشدی شەعبی رایگەیاند كە پلانێكی حزبی بەعسی قەدەغەكراویان لە پارێزگاكانی كەربەلا، دیوانیە و بابل و موسەننا پووچەڵ كردۆتەوە كە بەنیازبوونە زیارەتكارانی چلە بكەنە ئامانج.
لەوبارەیەوە نور نەفەح ،نوێنەری پارێزگای دیوانییە، رایگەیاند:ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو پارێزگاكەدا دەیكەن، دەبێتە زێدەڕۆیی لەسەر رۆڵی دامەزراوەی ئەمنی.
هەروەها كامل حەسەنی، شرۆڤەكاری سیاسی، چالاكییەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكانی باشوور و رۆژئاوا بە "كێشەیەكی گەورە" وەسف دەكات .
هاوكات عەقیل عەباس، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت: پێكهاتەیەكی سەربازی ناتوانێت بچێت و خەڵكی مەدەنی دەستگیر بكات.
هەروەها ڕوونی دەكاتەوە، كە حەشدی شەعبی دەزگای هەواڵگری پێكهێناوە و هیچ یاسایەك نییە ئاماژە بەوە بكات كە حەشد دەزگای هەواڵگری هەیە و دادوەرێكی هەیە، هەموو ئەمانە هیچ دەقی یاسایییان نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە چەكدارەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە دەستگیركردنی خەڵكی مەدەنی و فەرمانی دەستگیركردنیان نییە، نابێ بچن و دەزگای هەواڵگری پێكبهێنن و لەسەر بنەمای تۆمەتێكی سیاسی خەڵكی مەدەنی دەستگیر بكەن.
عەقیل عەباس پێیوایە ئەو گرفتە لەو كاتەوە دەستی پێكردووە كە حەشدی شەعبی دەستیكردووە بە فراوانبوون لە دامەزراوەیەكی سەربازییەوە بۆ دامەزراوەیەكی سیاسی. سەرۆكی حەشدیش سەركردایەتی لیستێكی سیاسی دەكات و نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە. سەركردەكانی حەشد سەرۆكایەتی ڕێكخراوە سیاسییەكان دەكەن و هەڕەشە لە سەرۆكوەزیران دەكەن كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە.
هاوكات سەجاد سالم، پەرلەمانتار داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات كە كۆنترۆڵی خۆیان لەناو پارێزگاكاندا بسەپێنن.
ژێدەر / حوڕە
شرۆڤەكاری سیاسی عێراق: حەشدی شەعبی لە دامەزراوەیەكی سەربازییەوە بۆتە دامەزراوەیەكی سیاسی
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.