Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 05:01

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی: ڕەنگە سەرۆكی ڕووسیا چەكی ئەتۆمی تاكتیكی بەكاربهێنێت

جنۆكەی هێرشی ئەتۆمی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆكرانیا
کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، ڕەنگە ڤلادیمێر پوتین ، سەرۆكی ڕووسیا چەكی ئەتۆمی تاكتیكی بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی باڵای هەواڵگرییەوە ڕایگەیاندووە كە مشتومڕێكی بەردەوام لەناو دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكادا هەیە كە ئایا پوتین پێی وایە كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە (بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی) مەترسی دابڕانی وڵاتەكەی لەو وڵاتانە دروست دەكات كە زۆرترین پێویستیان پێیەتی - بە تایبەت چین -، یان ئەگەر ئەم بژاردەیە وەك پاشەكەوتێك بهێڵێتەوە.
هەروەها جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس هۆشداری دا لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن مۆسكۆوە و جەختی كردەوە كە "بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی مۆسكۆ لە شەڕی ئۆكرانیادا ڕووخساری شەڕەكە دەگۆڕێت بە شێوەیەك كە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووی نەداوە.
ڕووسیا و هەڕەشەی ئەتۆمی..
پوتین لە میانی وتارێكدا كە لە 24ی شوباتدا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆكرانیا هۆشدارییەكی ناڕاستەوخۆی دەركرد و رایگەیاند: ئەگەر ڕۆژئاوا دەستوەردان بكات لەوەی كە بە "ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی تایبەت" وەسفی كردووە، دەتوانێت لە وەڵامدا چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت.
هەروەها دیمیتری پێسكۆڤ ،وتەبێژی كرێملین رایگەیاند : رووسیا لە چوارچێوەی شەڕی ئۆكرانیادا چەكی ئەتۆمی بەكارناهێنێت، مەگەر رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا هۆشداریدا لەوەی كە ئەگەر فینلاند و سوید بڕیار بدەن بچنە ناو هاوپەیمانێتییەكە، ڕووسیا چەكی ئەتۆمی لە نزیك وڵاتانی باڵتیك و وڵاتانی سكاندیناڤیا بڵاودەكاتەوە.
لەبارەی ئەو پرسەوە ئارسەر لیدێكبێرگ، شرۆڤەكاری ئەكادیمی و سیاسی بە سكای نیوز عەرەبی راگەیاندووە؛ ڕووسیا تاكتیكی "شێت" بەكاردەهێنێت بۆ ترساندنی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، بەڵام لە كۆتاییدا كەس نایەوێت مەترسی شەڕی ئەتۆمی بكات، ڕووسیا تەنها دەیەوێت ڕۆژئاوا لە جەنگ دوور بخاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەمەشكردووە كە خستنەڕووی هێزەكانی ڕووسیا لەسەر ئامادەیی ئەتۆمی دۆخێكی ئاساییە، چونكە ئەو وڵاتە لە دۆخێكی جەنگ و دۆخێكی مەترسیداردایە، بەڵام ئەوە ڕادەیەكی لە ڕادەبەدەر لە ئامادەباشییە.
هەروەها ترسی رۆژئاوا لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە لەو شكستەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە ئۆكرانیا تووشی بووە.
گوتیشی: ڕووسیا دەتوانێت چەكێكی ئەتۆمی تاكتیكی بەكاربهێنێت ، بۆ بێهێزكردنی نەیار و بۆ ڕێگریكردن لە بەردەوامبوونی شەڕ .
لیدێكبێرگ دەشڵێت: لە شەڕی ئەتۆمیدا هەمووان دەدۆڕێن و ئیدارەی كرملینیش بە باشی ئاگاداری ئەمەیە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.