Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:33

ئێران هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاوی هەرێمی کوردستانە

کوردستان TV
100%


ئێران چەندین ساڵە لەناو خاکی خۆیدا بەنداوی گەورەی دروستکردووە، پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتەی ئاو بووەتە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ئورمییە لەناوخۆ و لە دەرەوەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل رایده‌گه‌ێنێت:
سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی ئاوی دەربەندیخان بە رێژەی لەسەدا 70 زیاتری سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێت ئەویش کەمی کردووە، بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان. بۆیە ئێستا رۆژانە تەنیا 5-6 مەترسێجا ئاومان بۆ دێت، دەتوانین بڵێیین کە هەمووی سەرچاوەی ناوخۆیی خۆمانە.

- بەپێی ئەو داتایانەی لەدەستماندایە بەدرێژایی60 ساڵی مێژووی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکەدا لە 10- 15 ساڵ لە هەمان رۆژدا، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان وەک ئەمڕۆ و کەمتر بووە لە رابردوودا بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە.

کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کاریگەریی کردۆتە سەر زەوی کشتوکاڵیی و ئاژەڵداریی لە ناوچەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، هاوکات بۆتە هۆی زیانگەیاندن بە سیستەمی ئاودێری کشتوکاڵی لە خوار بەنداوەکەوە بەتایبەت لە گەرمیان.

بەپێی زانیارییەکان، ئێران لەناو خاکی خۆیدا، بەنداوی لەسەر رووباری سیروان کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە دروست کردووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە دروست کردووە بەجۆرێک لەئێستادا و بەدرێژای وەرزی هاوین ئاستی ئاوی هاتوو لە ئێرانەوە بۆ سفر مەترسێجا دابەزیوە و تەنیا پشت بە کانیاو و چەمەکان دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان.

هەروەها ئێران چەندین ساڵە لەناو خاکی خۆیدا بەنداوی گەورەی دروستکردووە، پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتەی ئاو بووەتە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ئورمییە لەناوخۆ و لە دەرەوەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

وەک بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل باسی لێوە دەکات سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی ئاوی دەربەندیخان بە رێژەی لەسەدا 70 زیاتری سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە لە ئێرانەوە دێت و دەڵێت ''ئەو لەسەدا 30یەی تری کە ماوەتەوە لە ناوخۆ دابین دەکرێت، واتە ئەو جۆگە و چەمانەی کە دەرژێنە ئاوی سیروانەوە، کە بەهۆی کەمی بارانەوە زۆر دابەزیوە، هاوکات ئەو بەشەی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگاتە سەر زێی سیروان و بۆ بەنداوی دەربەندیخان بەکاردەهێنرێت، ئەویش کەمی کردووە، بۆیە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان. بۆیە ئێستا رۆژانە 5-6 مەترسێجا ئاومان بۆ دێت، دەتوانین بڵێیین کە هەمووی سەرچاوەی ناوخۆیی خۆمانە.

سامان ئیسماعیل لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئێستا ملیارێک و75 ملیۆن مەترسێجای تێدایە بۆ ئێستا لە وەرزی هاویندا و دەڵێت، واتە لەسەدا 38 ی دەریاچەکە ئاوی تێدایە، ئەم ئاستە کاتێک بەراورد دەکەین بە ساڵی پاڕ لە هەمان رۆژدا، 30 سم زیاترە . بەڵام ئەوەی تووشمان دەبێت لە کێشە، بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی پار و پێرارەوە، کێشەکە لەوە گەورەترە، ئەوەیە بەنداوی خوار خۆشمان کە بەنداوی حەمرینە، ئاوەکەی کەمە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە خوار دەریاچەی دەربەندیخانەوە سێ قەزا و چوار ناحیە بۆ ئاوی خواردنەوە و دەیان پرۆژەی ئاودێری پشت بە ئاوی رووباری سیروان دەبەستن.

سەبارەت بە هەنگاوەکان بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی دابەزینی ئاستی ئاوی سیروان، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەک بەنداوی دەربەندیخان دوو بەرنامە بۆ بەردانەوە و گلدانەوەی ئاو پەیڕەو دەکەن، ئەوانیش زستانە و هاوینە، بەپێی کۆی ئەو ئاوەی گلدراوەتەوە، هاوکات ئەو ئاوەی چاوەرێی دەکەین بڕژێتە بەنداوەکەوە لەو وەرزەدا، کۆکردنەوە و دابەشکارییەکی بۆ دەکەن و پلانێکی بۆ دادەڕێژن و تا وەرزی زستان ئەو ئاوە دابەش دەکەن و دەڵێت ''ناشکرێت ئاوەکەی گلمان داوەتەوە، بە تەواوی بیگرینەوە، چونکە لە دەربەندیخان تاوەکو خواری کەلار، خەڵکانێکی تر هەن ژیانیان لەسەر ئەو ئاوەیە کە ئێمە بەری دەدەینەوە، هاوکات بەنداوی حەمرینیش وەک باسم کرد ئەمساڵ دۆخی تەواو خراپە لە رووی کەم ئاوییەوە، بۆیە پێویستییان بە هاوکاری ئێمە بوو، هاوکاریمان کردن.

سامان ئیسماعیل باس لەوە دەکات کە کەمی ئاستی ئاو کاریگەری زۆر کردۆتە سەر کشتوکاڵ کە بەشێکی بەهۆی وشکەساڵییەوە و ئەوەی تریشی بەهۆی گرتنەوەی ئاوی سیروان و دروستکردنی بەنداوە لەسەر رووبارەکە لە دیوی ئێرانەوە و گوتی: وەزارەتی کشتوکاڵ دەتوانێت پرسی وشکەساڵی رابگەیەنێت، لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەیکات، رێنمای دەداتە جووتیاران کە جووتیاران چەندێک ئاو بەکاربهێنن یان نا لە چی جۆرە کشتوکاڵێکدا، هەڵبەت بەهۆی ئەو وشکەساڵییەوە کە دوو ساڵی رابردوو وڵاتەکەمانی گرتۆتەوە، کشتوکاڵ وەک پێویست لە زۆر شوێن نەکراوە. بەهۆی ئەوەی کە زەویەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر شاخ و داخە و دەشتایی کەمترە هەتاوەکو دەگاتە قەزای کەلار و گەرمیان، بۆیە زیاتر سوود لە ئاوی چەم، باران و کانییاوەکان دەبینرێت بۆ کشتوکاڵ، بەڵام زیاتر لە خوار ناوچەی گەرمیانەوە دەتوانرێت بۆ کشتوکاڵ سوود لە ئاوی بەنداوەکان وەربگیرێت لەکاتی بێ ئاویدا.

سەبارەت بە مێژووی وشکەساڵی و کەم کردنی ئاو لەناو بەنداوی دەربەندیخان بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت ''بەپێی ئەو داتایانەی لەدەستماندایە بەدرێژایی 60 ساڵی مێژووی ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکەدا لە 10- 15 ساڵ لە هەمان رۆژدا، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان وەک ئەمڕۆ و کەمتر بووە لە رابردوودا بەهۆی کەمبارانی و وشکەساڵییەوە. بەپێی ئەو چاوەڕوانیانەی کە کەشناسی هەرێم کردوونی چاوەڕێ دەکرێت پاییزی ئەمساڵ وشک بێت، بەڵام لەدوای زستانەوە بارانی بەخوڕ ببارێت و لە دوای مانگی 12.

ڕووباری سیروان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە نزیک شاری سنە و لە چیای چلچەمە نزیک شارەکانی سەقز و دیواندەرەوە ھەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت. پاشان لە رێی ناوچەی ھەورامانەوە دێتە هەرێمی کوردستان دواتر لە باشووری شاری بەغدای پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.

سیروان درێژییەکەی لە ھەردوو دوو دیوی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەگاتە445 کم، چەندین شار دەکەونە سەری لەوانە دەربەندیخان، کەلار، باقووبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو ھۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە کە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرینن، دەریاچەی حەمرین رووبارەکە دابەش دەکات بۆ چەند لقێک لەوانە: رووباری مەھروت کە بە شارەباندا دەڕوات، رووباری روز یان بەلەدروز، رووباری خاڵس و رووباری سیروان کە دەڕژێتە دیجلەوە، بەڵام لقەکانی تر بۆ ئاودێری و باخات بەکاردەھێنرێن و تا کۆتاییان دێت. رووباری سیروان بەعەرەبی لە عێراقدا بە دیالە ناو دەبرێت.

لەنێوان عێراق و ئێراندا 42 رووبار، لق و زێی ئاوی هەن. هەندێک جار ئەو ئاوانە بە تەواوی وشک دەکرێن. گرینگتیرنیان زێی بچووک و رووباری سیروان، ئەڵوەن، چەمی هەواسان و قۆرەتوون.

لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن؛ بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.