ئەمڕۆ دووشەم لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانەکانى پڕۆژەکانى پەرەپێدان پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023، لەژێر چاودێرى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بەردى بناغەى پڕۆژەی (دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی کەرکووک) دانرا کە بە گوژمەی 1 ملیار و 643 ملیۆن و 775 هەزار دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێ دەکرێت و ماوەى پڕۆژەکە 150 ڕۆژە.
لەمبارەیەوە پارێزگارى هەولێر بۆ میدیاکان ڕایگەیاند "دڵنیایی بە هاووڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەدەین ئەو پڕۆژە گرینگە کە لە دوو بەش پێکهاتووە و بەشی یەکەم لە شەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێرە و بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەترییە و ههردوو شهقامى 100 مەترى و 120 مەترى بەیەکەوە دەبەستێتەوە، قۆناغى یەکەمه و لە قۆناغى داهاتووماندا لە چوارچێوە پلان و بەرنامەکانى پڕۆژەکانى پەرەپێدان بۆ ساڵى ئایندە بەشی دیکەى ئەو شەقامەش دەستى پێ دەکرێت".
گوتیشى "لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین، پشتیوان بەخودا بە پێى ئیمکانییاتى بەردەست ئامانجان ئەوەیە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیهنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە".
پڕۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی کەرکووک لە دوو بەش پێک دێت، بەشی یەکەم لە شەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر بە درێژی 900م کاری قیرتاوکردن بە چینی بایندەر لەخۆ دەگرێت، بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەترى، دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقام دەگرێتەوە بە درێژی 1700م و هەموو بڕگەکان لە خۆ دەگرێت، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی بە درێژی 2000م.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.