ئەمڕۆ دووشەم شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆلۆنێڵ سانبۆرن ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، شەڕی دژ بە تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی ئەمهریکای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعشدا لە ناوچەکە بەرز نرخاند و جەختی لە گرینگی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە لەپێناو پاراستن و سەقامگیریی ئاراميدا بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایيی ئەمنيیان هەیە. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرینگە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەکە.
شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ئەمهریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بایەخدانیان بە پەیوەندییەکانیان کردەوە، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە هێزەکانیان لە پاڵپشتی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بە گرینگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەڕوانن لەپێناو بەرقەراربوونی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و بەهێزیی هەرێمی کوردستاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.