وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستپێكردنی چوار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لە شەقامی 150 مەتری و ڕێگەی سەرەكیی پیرمام بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەڕای ئەو بارودۆخە داراییەی حكوومەتی هەرێم هەیەتی، بەڵام بە هەوڵ و رێنماییەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ یەك ڕۆژیش پرۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەر و دامودەزگەكانی وەزارەت، ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی چوار پرۆژەی ئاوەڕۆ بەڕێوەچوو كە تێیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتنە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ڕاگەیاند.
ساسان عەونی لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و لەبارەی گوژمە و جۆری پرۆژەكانەوە گوتی: ئەو پرۆژانەی ئەمڕۆ كەوتنە بواری جێبەجێكردن، چوار پرۆژەن و بە گوژمەی هەشت میلیار دینار تەواو دەكرێن كە بریتین لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەك بە ژێر شەقامی 150 مەتری، لەگەڵ دوو پرۆژەی ئاوەڕۆ لە ڕێگەی هەولێر-پیرمام و خانزاد و پرۆژەیەكی دیكەشیان دروستكردنی دیواری پاڵپشتە بە بەستەی ئاسنین و ئاوبەری سندووقی و كۆنكرێتكردنی لوولەیی و دروستكردنەوەی جوگەكان و جۆگەكانی ناوەڕاستی ڕێگەی سەرەكیی مەلا ئۆمەر-پیرمام.
گوتیشی: هیوادارین جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە ببێتە بەشێكی گرنگ لە چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە كە بە درێژایی ئەو شەقامە ڕوو دەدات، ئەوەش لە ئەنجامی فراوانبوونی شار و چڕبوونی دانیشتووانی شاری هەولێر، جگە لە هۆكارە سەرەكی و سەربارەكان كە ئەوانیش هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوا و ڕێژەی زۆری باران.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ڕایگەیاند: دەمەوێت لەو دەرفەتەدا جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە هەر كێشە و گرفتێك لە هەر شوێنێكی كوردستان هەبێت، هەوڵی چارەسەری بۆ دەدات و سەرەڕای ئەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، بەڵام ڕۆژێك لە رۆژان پرۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن، ئەمەش هەمووی بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی بەردەوامی مەسرور بارزنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی لافاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری و خۆشحاڵی خۆیشی بە جێبەجێكردنی ئەو چوار پرۆژەیە ڕاگەیاند و جەختی لە گرنگی پرۆژەكان بۆ شاری هەولێر كردەوە كە كاریگەرییان لەسەر چارەسەركردنی گرفتی لافاو دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.