Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 15:08

مسته‌فا كازمی به‌رله‌وه‌ی به‌ره‌و نیۆیۆڕك به‌ڕێ بكه‌وێ.. داوایه‌كی ئاراسته‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێ كه‌وت به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی گه‌شته‌كه‌شی داوایه‌كی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی گه‌شته‌كه‌ی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئێستا به‌ره‌و شاری نیۆیۆڕكی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێ ده‌كه‌وین به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ ناوی عێراق، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا هه‌وڵمانداوه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوسێ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكه‌ین و ئاستی ئاماده‌بوونی عێراقیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ و كۆڕبه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوكاری و هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌ك به‌هێزتر كردووه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ ئه‌زموونی رابردووی حكوومه‌ته‌كه‌مان بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ عێراق ده‌توانێت رۆلێكی گرینگ له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌دا بگێڕێ، هه‌روه‌ها گۆڕه‌پانێك بێت بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌كاندا، پێویستیشه‌ ئه‌م پڕۆگرامه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئاست و بواره‌كانی تریشدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ قه‌یرانی ئێستای سیاسی عێراق ئاڵۆزه‌، به‌ڵام ده‌رگای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان تا ئێستا كراوه‌ن، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ دیالۆگێكی ئارام و ڕاشكاوانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و گه‌له‌كه‌ی له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ بێت.

مسته‌فا كازمی له‌ كۆتاییدا داوای له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد سه‌بر و ئارام بگرن و پشت به‌ زمانی دیالۆگ و عه‌قڵ و ڕوحییه‌تی نیشتمانی ببه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی وڵات له‌م قۆناغه‌ مێژوویه‌دا به‌ره‌و قۆناغێكی سه‌لامه‌ت ببه‌ن و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆی نیشتمانییه‌وه‌ كۆتایی به‌ سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌كان بهێنرێ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.