وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستپێكردنی چوار پڕۆژەی درووستكردنی ئاوەڕۆی لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر و ڕێگەی سەرەكیی پیرمام بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەڕای ئەو بارودۆخە داراییەی حكوومەتی هەرێم هەیەتی، بەڵام بە هەوڵ و رێنماییەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ یەك ڕۆژیش پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 19ی ئەیلوولی 2022، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەر و دامودەزگەكانی تری وەزارەت، ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی چوار پرۆژەی ئاوەڕۆ بەڕێوەچوو كە تێیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كەوتنە بواری جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ڕاگەیاند.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەشكرد و لەبارەی گوژمە و جۆری پرۆژەكانەوە گوتی "ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ كەوتنە بواری جێبەجێكردن، چوار پرۆژەن و بە گوژمەی هەشت ملیار دینار تەواو دەكرێن، كە بریتین لە درووستكردنی ئاوەڕۆیەك بە ژێر شەقامی 150 مەتریدا، لەگەڵ دوو پرۆژەی ئاوەڕۆ لە ڕێگەی هەولێر-پیرمام و خانزاد و پڕۆژەیەكی دیكەشیان درووستكردنی دیواری پاڵپشتە بە بەستەی ئاسنین و ئاوبەری سندووقی و كۆنكرێتكردنی لوولەیی و درووستكردنەوەی جۆگەكانی ناوەڕاستی ڕێگەی سەرەكیی مەلائۆمەر-پیرمام".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ساسان عەونی، گوتیشی "هیوادارین جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە ببێتە بەشێكی گرنگ لە چارەسەركردنی لافاو كە بە درێژایی ئەو شەقامە ڕوودەدات، ئەوەش لە ئەنجامی فراوانبوونی شار و چڕبوونی دانیشتووانی شاری هەولێر، جگە لە هۆكارە سەرەكی و سەربارەكان كە ئەوانیش گۆڕانی كەشوهەوا و ڕێژەی زۆری باران".
پاشان لە ڕێوڕەسمەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وتارێكی پێشكەشكرد و تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی لافاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری و خۆشحاڵی خۆیشی بە جێبەجێكردنی ئەو چوار پڕۆژەیە ڕاگەیاند و جەختی لە گرنگیی پرۆژەكان بۆ شاری هەولێر كردەوە كە كاریگەریان لەسەر چارەسەركردنی گرفتی لافاو دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند "دەمەوێت لەو دەرفەتەدا جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە هەر كێشە و گرفتێك لە هەر شوێنێكی كوردستان هەبێت، هەوڵی چارەسەری بۆ دەدات و سەرەڕای ئەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، بەڵام ڕۆژێك لە رۆژان پرۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكان نەوەستاون و ناوەستن، ئەمەش هەمووی بە سەرپەرشتی و ڕێنمایی بەردەوامی كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.