Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 22:21

خوێندنی باڵا: پڕۆژەکانى ئەمریکا لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان فراوانتر دەکرێن

کوردستان TV
100%

لەڕێگەى ئەنجامدانى پرۆژەى هاوبەشى زانستى و ئەکادیمى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان زیاتر لە (50) یاداشتی لێکگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆکانی ئەمریکا ئیمزاکردوە، بۆ قۆناغى داهاتوش لەڕێگەى کونسوڵخانەى ئەم وڵاتە لە هەرێمى کوردستان پەرەى زیاتر بە پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان هەردولا دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى 20ـی 09ـی 2022 د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە ئیرڤین هیکس، کونسوڵى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و وەفدى هاوڕێى، لەدیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، جەخت لەپەرەپێدانى پەیوەندییە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا بەتایبەت لە بوارى زانستى و پەرەپێدانى تواناکان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى کرایەوە.

کونسوڵى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پشتگیرى کونسوڵخانەى بۆ پرۆژەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى پانتایی خوێندنى تەکینکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، وڵاتەکەمان بەرنامەو پلانى نوێى دەبێت.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسوڵى نوێى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان، کورتەیەکى لەبارەى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا لەبوارى ئاڵوگۆڕى ستافى ئەکادیمى و پشتگیرى دارایى خستەڕو، بۆ ئەمەش وتى: ئەمریکا لەڕێگەى چەند پرۆژەیەکەوە هاوکارى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستانى کردوە بەتایبەت دەستکردن بە دەستپێکردنى سێ پرۆژەی سەرەکی (Partnership projects, Research Management Course, Career Services Library) لە ڕێگەی رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی، هەر لە رێگەی رێکخراوی ئایرێکس و بە پشتگیری دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کونسوخانەى ئەمریکا بەردەوامن لە پشتگیری و هاوکاری ناوەندەکانی پەرەپێدان بۆ کار لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لەوەى ساڵانە لە ڕێگەی بەرنامەی فول برایت و بەرنامەکانی تری پەرەوەردەو خوێندن، ژمارەیەک لە قوتابخانە و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان هەلی ئەوەیان بۆ دەرەخسێ کە هەم درێژە بە خوێندن بدەن هەم پەرە بە توانا ئەکادیمی و زانستیەکانیان بدەن.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، ئاماژەى بە پەسەندکردنى پرۆژەى دەستەى متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانى خوێندن کرد، کە ئامانج لەم پڕۆژەیە دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کواڵتی بەرزی ئەکادیمیی و زانستی، بۆ ئەمەش وتى: شارەزایى و سیستمى زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەى بایەخە لەم بوارەدا.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا پەرەپێدانى سیستم و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کراو دوپاتکرایەوە کە ئەزمونى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لەبوارى پیشەیى و تەکنیکى بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان گرنگە، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لەسەر سیاسەت و ستراتیژى وەزارەت کردەوە بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و لە هەرێمى کوردستان و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە بازاڕى کارى کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.