Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 22:21

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بابه‌تێكی گرینگ تاوتوێ كران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئەیلوول، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرینگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی لە ڕێگەی تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی.

ئەم بابەتە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەت هەموو ئاسانکارییەک  و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە، لەم ڕووەوە حكوومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکوومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم ڕێژەی %70 دەستی کاریان خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، بە پێچەوانەوە دەبێ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحییەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان.

لەهەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای پشتگیريكردنی گوتەکانی سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرینگی ئامار و زانیاريیەکان و هەبوونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كرد تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە داوا کرا پەرلەمانی کوردستان پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتووە بۆ پەیوەندیی نێوان کرێکار و خاوەنکار. هەروەها پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێکردنی ئەم دوو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتە ئارا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان. لە هەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووری.

هەروەها ئاماژە بە ڕێنمایی نوێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ڕەشنووسەکەی لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی هێزی کاریی بیانیيە لە هەرێم، بە جۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەوییەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی ڕەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانییانەی لە هەرێم کار دەکەن بپارێزێت لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکان بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبوونەوەکە خرانە ڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی بۆ ئەنجوومەن خرانەڕوو دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەن.  

لە بڕگەی دووەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک و مافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ڕەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە (پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو کە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتییەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لەگەڵ ڕێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبوون یان گیانلەدەستدانیان.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەکردنی بنەما کارپێکراوەکانی پیشەی پزیشکیی و چارەسەرکردن و لە ڕوانگەی کاراکردنی ڕۆڵی حکوومەت و دامەزراوە تەندروستییەکان لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لە دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، باس لە ڕەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان ) کرا کە بەشێکی گرینگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوەی  تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لە کۆبوونەوەی داهاتوو بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسەکە بکات بە مەبەستی پەسەندکردنی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.