Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 02:30

لە رێگەی بەكارت كردنی كارەباوە كار بۆ پێدانی 24 كاتژمێری كارەبا دەكرێت

کوردستان TV
100%

بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیی سەر تۆڕە‌كانی كارەبا حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ‌ماوەی ڕابردوو پڕۆژە‌ی پێوەری زیرەكی جێبەجێ كرد و‌ ئێستاش لە ‌ڕێی سیستەمی "پریپەیمێنت"ـەوە هەوڵ دەدات كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.
عەلی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەك، لە ‌بارەی سیستەمی "پریپەیمێنت"ـەوە گوتی: سیستەمەكە بەشێكە لە بەشەكانی پێوەری زیرەك و هەمان تایبەتمەندی پێوەری زیرەكی هەیە و لە لایەن وەزارەتی كارەباوە پەسەند كراوە. سەرەتا وەك تێست لە بازاڕی لەنگە دەستی پێكرد كە هەزار و 500 هاوبەش هەبوون، پلانەكە بۆ ماوەی 3 مانگ بوو، تا بزانرێت لایەنە باش و خراپەكانی سیستەمەكە چین، ئێستا لە مانگی پێنجەمین و بۆمان دەركەوتووە كە وزەی ونبوو بە چوار بۆ پێنج هێندە كەم بووەتەوە، واتە پێشتر 8% بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 2%، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە. لەهەمان كاتدا توانیمان كارەبایەكی 24 كاتژمێری بۆ بازاڕەكە و بە ڤۆلتیەیەكی جێگیر دابین بكەین. هەر لەبەر ئەم ئەنجامە باشە، ئێستا لە شاری دهۆك لە ئەڤرۆ ستی و بازاڕی دهۆك دەستمان بە دانانی هەمان سیستەم كردووە. ئێمە ئیتر لە بەشی تێست و تاقیكردنەوە هاتووینەتە دەرەوە و پڕۆژەكە ئامادەیە و پێشكەشی وەزارەتی كارەبا كراوە تا ئەوانیش دیراسەی بكەن و دواتر بڕیاری لەسەر بدەن.
لەبارەی نرخی ئەو كارتەی كە بۆ كڕینی كارەبا دیاری كراوە لە سیستەمەكە،‌ عەلی ئیسماعیل باسی لەوە كرد كە لە سیستەمی وەزارەتی كارەبادا نرخ دیاری كراوە لەسەر پۆلی (بازرگانی، ماڵان و پیشەسازی). نرخی كارەبا هەمان نرخی جارانە، بەڵام شێوازی پارەدانەكەی گۆڕاوە، پێشتر لە كۆتایی مانگ پارەكە دەدرا، بەڵام ئێستا لە سەرەتای مانگ پارە دەدرێت و هەمان نرخ و هەمان ژمارەیە بۆ هەموو پۆلەكان، بەڵام بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەك سەبارەت بە سوودەكانی ئەم سیستەمە دەڵێت: كارەبای 24 كاتژمێری پەیوەندی بەپێوەری زیرەكەوە نییە، چونكە دەبێتە فاكتەرێكی لاوەكی، بۆ نموونە ئەگەر ماڵێك بیەوێت سپلێت ببەستێت ئێمە پێوەری زیرەكی بۆ ببەستین یان نا ئەو سپلیتەكە هەر دەبەستێت، كەواتە ڕادەی پێویستی ماڵەكان بۆ كارەبا جیاوازە، لە كۆتاییدا خواستمان هەیە و خوێندنەوەی ئێمەش لەسەر خواستە لە (4000 بۆ 5000) مێگاوات و ئەو بڕە‌مان تا ئێستا بۆ دابین نەكراوە.
بە گوتەی عەلی ئیسماعیل، ئەو سیستەمە بێگومان لە قازانجی هاووڵاتییە بۆ نموونە لە بازاڕی لەنگە هاووڵاتی هەیە لە دوكانەكەی 40 بۆ 50 گڵۆپی هەیە، بەڵام ئێستا كاتێك سەیری پێوەرەكەی یان ئامێرەكەی دەكات، دەزانێت چەند كیلۆ واتی ماوە بۆیە بۆ خۆی پلانێك دادەنێت تاسەری مانگ و بە گوێرەی پێویست كارەباكە بە ‌كار بهێنێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا پڕۆژەیەكی بەكاربردنە و وادەكات هاوبەش كۆنترۆڵی خۆی بكات و خواست لەسەر كارەبا كەمتر بكاتەوە، ئەوەش دەبێتە فاكتەرێك بۆ زیادپێدانی كارەبا، ئەگەر ئەو سیستەمە لە سەرتاسەری هەرێم پەیڕەو بكرێت زۆربەی كێشەكان چارەسەر دەبن.
لەوبارەیەوە هاوڕێ بەهرام، كە خاوەن دوكانە لە لەنگەی هەولێر، ئاماژە بە دابەزینی نرخی پارەی كارەبا دەكات و دەڵێت:كارەباكەمان زۆر باشە،‌ لەبەر ئەوەی تەنیا بە یەكجار پارە دەدەین، چونكە بووە بە كارت و كارتەكە داخل دەكەین، پارەكەشی كەمترە لە پێشتر و زۆر جیاوازە،‌ چونكە پێشتر بە دووجار پارەی مۆلیدە و نیشتمانیمان دەدا. 
ئەیوب مستەفا، یەكێكی دیكەیە لە خاوەن دوكانەكان و دەڵێت:ئێستا دۆخمان زۆر باشە لەگەڵ كارەبا، ئەگەر ئەو سیستەمە بەردەوام بێت هەردوو لایەن سوودمەند دەبین، چونكە خاوەن دوكانەكە ئەوەی بۆی دێتەوە جیاوازە، پێشتر بە دوو جار پارەمان دەدا، بەڵام ئێستا بە یەكجار پارەكە دەدەین و نرخەكەشی كەمترە، هەموو خاون دوكانەكان لەو سیستەمە رازین و هیوادارین بەردەوام بێت.
هەروەها خۆشەویست خالید، خاوەن دوكانیش باسی لەوە كرد:كارێكی زۆر باشە، چونكە وای لێهاتووە خەڵك كەمتر كارەبا بە كاربهێنێت و نرخەكەشی كەمترە و بەكەمتریش لەسەر هاووڵاتی دەكەوێت، سەڕەرای ئەوەش 24 كاتژمێر كارەبامان هەیە، لە هەمووشی گرنگتر بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە زۆر گرنگە، پێمخۆشە ماڵی منیش وای لێ بێت، چونكە موەلیدە لە هەموو ڕووێكەوە خراپە. 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.