لە ڕێی واژووكردنی یاداشتی لێكتێگهیشتنهكهی ئهمڕۆی نێوان وهزارهتی پێشمهرگه و پێنتاگۆندا، ئەمەریکا پابەندیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتكردهوه لە ئۆپهراسیۆنهکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ئهمڕۆ چوارشهم سیلێست واڵاندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵا وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژووی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.
دوای ئیمزاكردنی یاداشتهكه، وهزارهتی پێشمهرگه و پێنتاگۆن بەیاننامەیهكی هاوبەشیان لەسەر نوێکردنەوەی یاداشتنامەكه بڵاو كردهوه.
له بهیاننامه هاوبهشهكهدا هاتووه: ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کە بۆ یەکەمجار لە سالی 2016 واژوو کرا، ڕەنگدانەوەی هەماهەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
ههروهها هاتووه: لە ڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە لە ئۆپهراسیۆنهکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
له یاداشتهكه دیسان هاتووه: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەکاندا بە دەستهاتوون و هەمیش پابەندیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆ دەگرێت.
بهیاننامه هاوبهشهكه ئاماژهی بهوهش دا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شانبەشانی خەڵکی عێراق لەناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.
جێی باسه بۆنەی واژووکردنی یاداشتنامەکە لەژێر چاودێریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجام درا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگیی بەردەوامی ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.