Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 04:26

کورسى خوێندنى بە خۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان تەرخان كرا

کوردستان TV
100%

لەسەر پێشنیازى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى سێ ساڵە لە هەر بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکوومییەکان، پێنج کورسى بەخۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخان دەکرێت، ئەوانەشى لە سەرووى ئەم پێنج کورسییە وەردەگیرێن بەپێى ڕێنمایى وەزارەتى شەهیدان کرێى خوێندنیان بۆ خەرج دەکرێت، بۆ ئەمساڵیش لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیارى دابینکردنى پێنج کورسى خوێندن بە خۆڕایى بۆ هەر بەشێک بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازی کرد لە عەبدولا حاجى محموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەفدى یاوەرى.

لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا لەبارەى ڕێنمایى تایبەت بە خزمەتگوزارى خوێندن و تەندروستى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەو خزمەت و پرۆژە هاوبەشانەى هەردوو وەزارەت بە هاریکارى یەکتر پێشکەشى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى دەکەن لە هەرێمى کوردستان.

لە دەستپێکدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتە باسێکى سەبارەت بەو ماف و ئەرکانەى وەزارەت خستەڕوو کە بۆ وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمى کوردستان پێشکەشى دەکات، ئەویش لەپێناو لەبەرچاوگرتنى خەبات و تێکۆشانى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە گیانى خۆیان بەخت کرد لە پێناو ئازادى و سەرفرازى بۆ گەلەکەمان، بۆیەش گوتى: لە خوێندنى بەرایى/ بەکالۆریۆس و دبلۆم، خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا و خوێندنى تایبەت، بەڕەچاوکردنى تایبەتمەندییەتى هەوڵمانداوە زۆرترین ئاسانکارى و خزمەت پێشکەش بە وارسى شەهیدان بکەین و دەرفەت و هەلى خوێندنیان بۆ دەستەبەر بکەین.

لای خۆیەوە وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە وتەیەکدا تیشکى خستە سەر ڕێنمایى تایبەت بە خزمەتگوزارى خوێندن و تەندروستى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە مەبەستى زیاتر بایەخدان بە کەسوکارى شەهیدان لەگشت بوار و سێکتەرەکاندا، بۆ کەرتى خوێندنى باڵاش ئاماژەى بە هەماهەنگى بەردەوامى هەردوو وەزارەت کرد و دووپاتی کردەوە: لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەتوانرێت زۆرترین خزمەت و ماف و بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەستەبەر بکرێت، بۆیەش گوتى: هاوکارى و هەماهەنگییە بەردەوامەکانى هەردوولا دەمانگەیەنێتە ئەو ئامانجەى کارى لەپێناودا دەکەین.

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى شەهیدان سوپاسی وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، کە بەردەوام داکۆکیکاری ماف و شایستە دارایییەکان و خزمەتەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە لە هەرێمى کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.