Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 14:28

هەر كەسێك چوو بێتە ئەم شوێنە نەگەڕاوەتەوە، بزانە لە كوێیە ؟

بە گوێرەی ئەفسانەكان چەندین كەس چوونەتە نێو ئەو توونە و بێ سەروشوێن بوون
کوردستان TV
100%

توونی بابا، یان توونی باوە عەمرە، دەكەوێتە باشووری شارۆكەی دەربەندیخان /66كم باشووری سلێمانی/‌، لە نێوان گوندی پونگڵە و پساكان. توونێلێكی درێژی پێچاوپێچی رێرەوەی ریگای زۆری لێ دەبیتەوە واتا لق و پۆی زۆرە، كە پێشهاتە ‌سرووشتییەكان، ئەو بارە جیۆلۆجییەیان بۆی نەخشاندووە، چەندان سەرچاوەی ئاو و تاڤگە و تەنانەت شوێنەواری شارستانیەتی دێرینی تێدایە، خەڵكانێك زۆر بە یارمەتیی شارەزایانی توونەكە، بۆ گەشت و بینینی دەشت رووی تێ دەكەن، شوێنێكی گەشتیارییە و بۆتە جیگای دڵخۆشی گەشتەوانان، بەڵام سەختی و پێچاوپێچی شوێنەكە، وای كردووە‌ ناوی وەها بڕوات، هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنە، رێی هات و نەهاتی گرتووەتە بەر.
تونی بابا عەمرە دەكەوێتە خوارووی دەربەندیخان و سەرووی قەزای كەلار لەسەر رێگای سەرەكی ئەو دوو شارە لائەدەیتەوە  دەبینی بۆتە شوێنێكی مێژووی و دروستكراوی سرووشتە بێ ئەوەی مرۆڤ دەستكاری كردبێت.
ئەفسانەی (توونی بابا) یەكێكە لە ئەفسانە دێرین و بەنرخەكانی نێو مێژووی ئێمە، ئەم ئەفسانەیە باس لە پاشایەك دەكات كاتی خۆی فەرمانڕەوایی ناوچەیەكی فراوانی كردووە و حەزی لە زانین و پەردە هەڵدانەوە بووە لە سەر نهێنیە مەزنەكان و شكاندنی كۆدە شاراوەكان و ڕووبەڕووبونەوەی هێزە باڵادەستەكانی نێو سروشت. لە ئەفسانەكەدا هاتووە؛ ئەم پاشایە كچێكی جوان و ژیری دەبێت، بۆ بە شوودانی مەرجێك دادەنێت، مەرجەكەیش دۆزینەوە و زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی دەرگاكانی نێو تونی بابایە. چەند كەس دەچنە نێو ئەو توونە و ئیدی ناگەڕێنەوە و بێ سەروشوێن دەبن. كوڕێكی هەژار و تاقانە حەز لە كچەی پاشا دەكا و داوا لە پاشا دەكا ڕێی بدا بچێتە نێو توونەكەوە، پاشایش ڕێگای دەدا، بەڵام باوكی كوڕە ڕێگا نادات كوڕەكەی بە تەنها بڕوات و خۆی بە شمشێرەوە لەگەڵیدا دەچێت، كە دەچنە نێو توونەكە و شەویان بەسەردا دێت، باوكەكە بە كوڕەكەی دەڵێت؛ با بە پێچەوانەی یەكدیەوە بخەوین و پێیەكانمان لە یەكدی گیر بكەین و شمشێرەكانمان ئامادە بكەین، تاكو ئەگەر دەعبایەك هێرشی بۆ هێناین یەكێكمان هەر بیبینین و بەرگری لە خۆمان بكەین، درەنگانێكی شەو دێوێك دەردەكەوێ و لێیان نزیك دەبێتەوە ، كە بەو شێوەیە دەیانبینێت دەترسێت و سڵیان لێ دەكاتەوە و دەڵێت:
توونی بابا هەزار و نەوەد و نۆ دەرە
تا ئێستا نەمبینیوە بنیادەمی دوو سەرە
بەمجۆرە كوڕەی هەژار ژمارەی دەروازەكانی توونی بابا دەزانێت و دەگەڕێتەوە بۆ پایتەخت. نهێنیەكە بۆ پاشا و خەڵك ئاشكرا دەكات و پاشا بەڵێنەكەی خۆی دەباتە سەر كچی پاشا بەدەست دێنێ.
توونی بابا ئاماژەیەكی ڕوونە بە هەوڵی مرۆڤی ئەم ناوچەیە، بۆ تێشكاندنی سنوورە دەستكردەكانی ژیان. ئەو سنوورانەی كە مرۆڤ خۆی دروستیان دەكات و دواییش هەر خودی خۆی هەوڵی تێكشكاندنیان دەدات. بۆ ئەم تێكشكاندنەش پێویستی بە بوێرییە، بوێرییەكی مەزن و بێ وێنە.
لە مێژ ساڵە، زۆر چیرۆك و بەسەرهات لەبارەی توونی باباوە گێڕدراونەتەوە و هێشتایش هەر باس دەكرێن. زۆر كەس بۆ ونبوونی كەسێك، یان شتێك، دەڵێت توونی بابا چوو، مەبەست لێی چووەتە شوێنێك نەگەڕاوەتەوە، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە هەر كەسێك چووبێتە توونی بابا نەگەڕاوەتەوە.
لەبارەی وشەی توونەوە دەگووترێت بە واتای كونی باریك و درێژ لە شاخدا دێت. ئەم وشەیەش لەگەڵ (توونێل)ـی ئینگلیزیی هاوڕیشەیە و لە زمانی كوردیدا وشەكە پیتی زیادەی چووەتە سەر.

محەمەد كەلاری/ پەیامنێری كوردستان تیڤی- دەربەندیخان
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.