Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 03:52

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامی هەیە

هێڵەكانی ئینتەرنێت سنوورداركرا و بەتەواوەتی چوونە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان راگیرا
کوردستان TV
100%

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، شەپۆلێكی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئێران دروست كرد، بەگوێرەی ئەو گرتانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ئێران بەتایبەت لە تارانی پایتەخت خۆپیشاندان بەردەوامە.
خۆپیشاندانەكانی تاران كە تا كاتێكی درەنگی شەوی پێنجشەممە بەردەوامبوون، ئێوارەی دوێنێ دووبارە دەستیان پێكردەوە.
لە ناوچەكانی موتەهەری، سەتار خان و سادقییە، بە بەشداریی كەسانێكی زۆر خۆپیشاندان رێكخرا. هێزە ئەمنییەكانیش بەر لە هاتنی ئێوارە لە چەند خاڵێكی تایبەتی تاران، رێوشێنی ئەمنییان گرتەبەر. بەشێكی هێزە ئەمنییەكان لە رێی ماتۆڕسكیلەوە دەورییەیان بە ناوچەكەدا دەكرد و بەشێكیشیان بە جلی مەدەنەییەوە چاودێری ئاسایشی ناوچەكەیان دەكرد.
دوای دەستپێكدنی خۆپیشاندانەكانیش لە هەندێك ناوچە پێكداهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا دروست بوو، خۆپیشاندەران ئاگریان بەردایە تەنەكە خۆڵەكان و هێزە ئەمنییەكانیش بە گازی فرمێسكڕێژ، بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كرد.
هەر بەگوێرەی ئەو گرتانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەوە نیشان دەدەن كە لە زۆربەی شارەكانی ئێران ماوەی دوو رۆژە دەیان قوتابی زانكۆ دەستبەسەر كراون.
بەگوێرەی كەناڵی تەلەگرامی ئەنجوومەنەكانی خوێندكارانی ئێران، ژمارەی ئەو قوتابییانەی زانكۆی تاران كە دەستبەسەر كراون، گەیشتووەتە 30قوتابی.
لە لایەكی دیكەشەوە ئێوارەی دوێنێ، هێڵەكانی ئینتەرنێت سنوورداركرا و بەتەواوەتی چوونە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان راگیرا.
دوای رێورەسمی بەخاكسپاردنی ژینا ئەمینی لە 17 ئەیلوول لە شاری سەقز، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تاران و چەندین شاری خۆرئاوای وڵاتەكە دەستیپێكردبوو.
تاكو ئێستا لە زۆرێك لە شارەكانی ئێران بەتایبەت لە تاران، سنە، كەرەج، تەبرێز، مەشهەد، كیش، كرمان، یەزد، رێشت، بەندەر عەباس، عەبادان، كرماشان، ئەردەبیل، ئەسفەهان، ورمێ، قەزوین، زەنجان، ئیلام، مازەندەران هەمەدان و چەندین شاری دیكەی وڵاتەكە خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و لە چەندین شوێنكیش رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خوپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.