Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:32

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە.. ئێرانییەكان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی كۆمەڵكوژی 2019 هەیە

لە ماوەی دوو هەفتەی نائارامییدا هەزار و 500 كەس لەو ساڵەدا كوژراون
کوردستان TV
100%

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە كە لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019ی ئێراندا، ، لە ماوەی دوو هەفتەی نائارامییدا هەزار و 500 كەس كوژراون.
لەو ساڵەدا خەڵكی ئێران لە شەوێكدا دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەڕێژەی 300% خۆپیشاندانیان دەكرد. لەو كاتەدا ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە، "180 بۆ 450 كەس، لەوانەیە زیاتریش بێت" لە چوار ڕۆژ توندوتیژیدا كوژراون و هەزاران كەسیش برینداربوون و دەستبەسەركراون.
هەروەها كەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێت: كاتێك دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2019دا لە نێوان خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەتدا ئینتەرنێتیان داخست، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەباتدا بووە بۆ ئەوەی شوێنپێی ئەو "كۆمەڵكوژییە"ی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بە گوێرەی ئەو تۆڕە ئەمریكییە، ترسەكان لە ناڕەزایەتییەكانی ئێستای ئێراندا بەرز دەبنەوە، چونكە هەندێك نیگەرانن لەوەی "ڕەنگە مێژوو دووبارە ببێتەوە" دوای ئەو خۆپیشاندانانەی كە دوای مردنی ژینا ئەمینی هاتوون.
بەپێی زانیارییەكانی نێتبلۆكس كە ڕێكخراوێكی ناحكومییە و چاودێری ئاسایشی تۆڕەكان و ئازادی ئینتەرنێت دەكات، تۆڕەكانی مۆبایل تا ڕادەیەكی زۆر داخراون.
ڕێكخراوەكە ڕایگەیاندووە كە ئێستا سكایپ لە ئێران سنووردار كراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سەركوتكردنی پەیوەندییەكان كە پلاتفۆرمی دیكەی وەك ئینستاگرام، واتس ئەپ و لینكیدئینیان كردۆتە ئامانج.
كۆمپانیای مێتا كە خاوەنی فەیسبووكە، پشتڕاستی كردەوە كە ئێرانییەكان كێشەیان هەیە بۆ دەستگەیشتن بە بەشێك لە ئەپەكانی، لەوانە واتس ئەپ و ئینستاگرام.
بۆ شكاندنی گۆشەگیری، چۆن ئەمریكا دەتوانێت ئینتەرنێت بۆ ئێرانییەكان دابین بكات؟
لەگەڵ نوێبوونەوەی خۆپێشاندانەكانی ئێران، دەسەڵاتدارانی تاران پەنا دەبەنە بەر لەكارخستنی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت بەمەبەستی تەمومژاویكردنی ئەو سەركوتانەی كە دژی خۆپیشاندەران دەیكەن، وەك ڕێكخراوی مافی مرۆڤ دەڵێت: لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەدا لانیكەم 50 كەس كوژراون.
هەرچەندە ئەم سەختییانە لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت ناگاتە كوژانەوەی تەواوەتی ئینتەرنێت وەك ئەوەی لە ساڵی 2019 ڕوویدا، بەڵام پسپۆڕانی تەكنەلۆژیا دەڵێن: نەخشێكی هاوشێوە دەبینن.
دۆگ مادوری، بەڕێوەبەری شیكاری ئینتەرنێت لە كۆمپانیای كینتێك بۆ چاودێریكردنی تۆڕەكان دەڵێت: پێموانییە هیچ شتێك هەبێت كە وامان لێبكات بیر لەوە بكەینەوە كە ئەمە بەڕێكەوتە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تێگەیشتنی من ئەوەیە كە ئامانج ئەوەیە كە خەڵك نەتوانن ڤیدیۆ بڵاوبكەنەوە و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بكەن.
هەروەها سەرەتای ئەم هەفتەیە، نێتبلۆكس رایگەیاندبوو، ئێستا گەلی ئێران كەوتوونەتە ژێرتووندترین سنوورداركردنی ئینتەرنێت لە دوای كۆمەڵكوژییەكەی تشرینی دووەمی 2019.
هەروەها ئاڵپ تاكەر ، بەڕێوەبەری نێت بلۆكس دەڵێت: لەدەستدانی هێڵی ئینتەرنێت بووەتە ترسێكی گەورە كە لە مێشكی ئێرانییەكاندا هەڵكەندراوە، بە تایبەت دوای ساڵی 2019.
ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكێك لە شتە هەرە نیگەرانكەرەكان لەبارەی ڕەشكردنەوەی زانیارییەكان ئەوەیە كە ژمارەی كوژراوانمان بە وردی نییە. لەڕووی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤەوە، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات قورستر دەبێت بۆ بەڵگەنامەكردن و تۆماركردن.
هەروەها تاكەر گوتی: تاكە بژاردە لە كاتی پچڕانی ئینتەرنێتدا ئەوەیە كە ڤیدیۆكان بە شێوەی ئۆفلاین بەڵگەدار بكرێت بەو هیوایەی كاتێك تۆڕەكە كاردەكاتەوە، بتوانرێت مۆری كات لەسەر مادەكان دابنرێت و وەك بەڵگەیەك لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ڕیزبكرێت.
ڕۆژی 13ی ئەیلول پۆلیسی ئەخلاق ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵیان دەستگیركرد و دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. چالاكوانان رایانگەیاند كە ئەو كچە گورزێكی لە سەری دراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمەیان رەتكردووەتەوە.
لە دوای ڕاگەیاندنی كۆچی دوایی ناوبراو،  لەتاران و دەیان شاری دیكەی ئێران خۆپێشاندان لەدژی لەچكردنی ئافرەتان بەرێوەچوو، كە تیایدا دروشمی "نا بۆ دیكتاتۆری" و "مەرگ بۆ خامنەیی" بەرزكرانەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كە قسەی كۆتایی لەو وڵاتە هەیە.


 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.