Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 10:57

خشته‌و كاتی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا

کوردستان TV
100%


له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌م و كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپاو له‌ گڕوپی یه‌كه‌می ئاستی یه‌كه‌مدا، كاتژمێر نۆ و چل و پێنج خوله‌كی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، هه‌ڵبژارده‌ی كڕواتیا ده‌بێته‌ میوانی هه‌ڵبژارده‌ی نه‌مسا.
له‌م گڕوپه‌دا هه‌ڵبژارده‌ی كڕواتیا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ خاڵ له‌ پێشه‌نگ دایه‌و به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ یاریه‌كه‌ گه‌یشتنی بۆ قۆناغی پێش كۆتایی مسۆگه‌رده‌كات، له‌و لاشه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی نه‌مسا به‌ چوار خاڵ له‌ دوایین خانه‌ی ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ دێت و هیچ ئومێدێكی نه‌ماوه‌ بۆ گه‌یشتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ كڕواتیای میوانی، خۆی له‌ دابه‌زین بۆ ئاستی دووه‌م ڕزگار بكات.
 له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌مان گڕوپی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا، هه‌ڵبژارده‌ی دانیمارك میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسای پاڵه‌وانی جیهان و خاوه‌نی نازناوی پێشووی خوله‌كه‌ ده‌كات.
 دانیمارك به‌ كۆكردنه‌وه‌ی نۆ خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ دایه‌و ئومێدی گه‌یشتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی له‌ده‌ست نه‌داوه‌، به‌ڵام فه‌ڕه‌نسا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی پێنج خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت و ده‌رفه‌تی گه‌یشتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی و پارێزگاریكردن له‌ نازناوی نه‌یشن لیگی له‌ده‌ستداوه‌.
هه‌ر له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی گه‌ڕی شه‌شه‌م و كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپاو له‌ یاری لوتكه‌ی گڕوپی چواره‌مدا، كاتژمێر نۆ و چلوپێنج خوله‌كی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا ده‌كات.
 هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا ئاستێكی به‌رزی له‌م خوله‌ پێشكه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ كۆی پێنج یاری چوار سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌و له‌ یه‌ك یاری یه‌كسان بووه‌وه‌و هیچ یاریه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی سێزده‌ خاڵ له‌ پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی گڕوپی چواره‌م دێت.
 له‌و لاشه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا به‌ ده‌ خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ دایه‌، هۆڵه‌ندا به‌ یه‌كسان بوونی له‌ یاریه‌كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغی پێش كۆتایی، به‌لجیكاش ته‌نها به‌ بردنه‌وه‌ی به‌ جیاوازی چوار گۆڵ بلیتی گه‌یشتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی به‌ده‌ست دێنێت، هاوكات له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌مان گڕوپ هه‌ڵبژارده‌ی پۆڵه‌ندا ده‌بێته‌ میوانی هه‌ڵبژارده‌ی وێڵز .
 
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.