لە وەزارەتی دارایی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی 25ـی 09ـی 2022 کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پرسی یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە دیوانی وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، دکتۆر ئومێد سباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداواداچوون بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دارایی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: پرسی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
ڕاشیگەیاند: کێشەی کەمی پێشینەی مانگانە و گواستنەوەی هەژماری ئەم هێزانە لە هێزەکانی یەکەی 70 و 80 وە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە باس کرا. جهختیان لە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ لیوا ڕێکخراوەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
وەزیری دارایی و ئابووری بەڵێنی ئەوەی دا کە وەزارەتەکەی پاڵپشتیهكی گەورەی یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
ئاماژەی بەوەش داوە کە هەموو ئامادەبووان کۆدەنگی ئەوەیان پیشاندا کە بەهەموو لایەکەوە کار لەسەر یەکخستنی ئەو لیوایانە دەکەن و سەرجەم بەربەستەکان وهلا دەنێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.