Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 00:30

وەزارەتی ئەوقاف ڕوونکردنەوە لەسەر چالاکی ئایینی لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەدات

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی یاسایی لە وەزارەتی ئەوقاف و ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە نووسراوێکی وەزارەتەکەیان لەبارەی چالاکی ئایینی لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەپێی یاسای ژمارە یازدەی ساڵی 2007 بەرپرسە لە چالاکییە ئاینییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتدا لەدیوانی وەزارەت بەشێکی تایبەت بە فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز ھەیە،  کە تیایدا زیاتر لە 100 بنکە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و هەروەها 136 حوجرە و 21 قوتابخانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندن مۆڵەت پێدراون، ئەمە وێڕای کردنەوەی (525) خولی فێربوونی قورئانی پیرۆز و ھەروەھا کردنەوەی خولی پەرەپێدان بۆ  (3000) مامۆستای ئایینی لە پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان لە ساڵی 2022، ئەمانە بەھەموو پشتیوانیەکی وەزارەت کارەکانیان بەڕێوە دەبەن و خاوەنی ھەزاران دەرچوون.

ڕاشیگەیاند: لە نووسراوەکەدا بەڕوونی ئاماژە دراوە کە بۆ ھەرچالاکیەکی ئایینی وەزارەت پێویستە (ڕەزامەندی بدرێت) ئەمە بەواتای ئەوەی دێ ئەم خولانەی دەکرێنەوە بەشێوەی کرداری سەلمێنەربێت کە خزمەتە بە پەروەردەی ئایینی و خەڵکانی شارەزا و ئەکادیمی وانەکان دەڵێنەوە، چونکە خوێندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەکانی دیکە ئەمانەتێکی گەورەیە لە ئەستووی وەزارەتمان وەک لایەنی ڕێپێدراوی یاسایی.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو نوسراوەی کە دەرکراوە، پەیوەندی بەچالاکی ئەو رێکخراوانە نییە کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە.

باسی لەوەش کردووە کە لە ماوەی ڕابردوو لە ھەندێ شوێن و ماڵان  و جێگەی نافەرمی  کەسی نەشارەزا لەژێر گوتنەوەی قورئانی پیرۆز و وانەی ئایینی ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکار ھێناوە، ئەمەش بەرپرسیاریەتی وەزارەتمانە وەک لایەنی پەیوەندیدار کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی ڕێکبخەین.

 وەزارەتی ئەوقاف کاروباری ئایینی جەختی کردۆتەوە کە ھەمیشە ھانی ھەموو جۆرە خزمەتێکی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدات، لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا، ھەوڵیشی داوە سفرەیەکی کوردستانی بێ بۆ کۆکردنەوەی ھەمووان و ھەماھەنگی نێوان چالاکییەکان لەپێناو خزمەتێکی باشتر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەکەمان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.