Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:51

هاووڵاتییەکی شاری شنۆ کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار بوو گیانی لەدەست دا

کوردستان TV
100%


هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی عەبدولسەلام گەڵوانی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی ئێران و لەو شارە بریندار و بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گوازرابووەوە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 26 ى 9 ى 2022، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەبدولسەلام گەڵوانی، سەر لەئێواری ڕۆژی پێنجشەممە، 22ى 9 ى 2022، لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان و لە شاری شنۆ کە لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکرا و بە سەختی بریندار کرابوو.

هەر ئەو شەوە عەبدولسەلام گەڵوانی، بە هۆکاری سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.

شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش، سێ لاوی تری شاری شنۆ بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت، تەمەن 14 ساڵ، میلان حەقیقی، تەمەن 21 ساڵ و سەدرەدین لێتانی، تەمەن 27 ساڵ لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەست دا.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە تەرمی لانی کەم 5 کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری شنۆ ڕاگیراون. هەروەها 5 هاووڵاتیی تر کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی بریندار بوون، بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراونەتەوە و بارودۆخی تەندروستییان باش نییە
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.