Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 02:24

بەهۆی بەنداوەکانی ئێرانەوە لەسەر زێی بچووک ئاوی دەریاچەی دووکان زۆر کەم دەکات

کوردستان TV
100%


بەنداوی دووکان لەئێستادا 2،3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لە کاتێکدا ساڵی پار ئەم کاتانە 2،5 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا بووە، واتە بەنزیکەیی 200 ملیۆن مەتر سێجا لە چاو ساڵی پار ئاو کەم بووەتەوە. ئەگەر ئاستی ئاوەکەش لەنێوان ساڵی پار و ئەمساڵدا بەراورد بکرێت، نزیکەی یەک مەتر و40 سانتیمەتر نزمترە.

بەنداوی دووکان، ساڵانە بەتەواوی پشت بەو بارانانە دەبەستێت کە لە ناوچەکەدا دەبارێت. هەر ساڵێک باران زۆر ببارێت رێژە و ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان تا رادەیەکی باش بەرز دەبێتەوە، چونکە سەرچاوی ئاوی دووکان زێی بچووکە. زێی بچووکیش سەرچاوەکەی لە ئێرانەوەیە لەگەڵ ئەو لقانەی ئاو دێننە نێو دەریاچەکان.

ئەو ناوچانەی ئاو دێننەوە بۆ ناو دەریاچەی دووکان نزیکەی لەسەدا60ی لەناو هەرێمی کوردستاندایە و لەسەدا 40 ەکەی تریشی لە ئێراندایە، بەڵام ئەو 40 لەسەدایەی لە ئێرانەوە دێت ئاوەکەی زۆر زیاترە لەو 60 لە سەدایەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە دێت.

ئەو رووبەری 40 لەسەدایەی ئاو کە لە ئێرانەوە دێت رووباری هەمیشەیین و دوو رووباری سەرەکین ئەوانیش؛ رووبارەکەی کەڵوێ و رووباری بانە.

رووبەری 60 لە سەدای لقی ئەو ئاوانەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە دەڕژێنە ئاوی دەریاچەی دووکان لە سیوەیل و قەڵاچولان و سەنگەسەرەوەن و زۆربەی جار لە هاویناندا ئاویان تیادا نییە و لق و رووباری کاتیین. لەبەر ئەوە ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە دێت زیاتر و نزیکەی 60 لەسەدای دەریاچەی دووکان پێکدێنێت.

لەبارەی کاریگەریی ئەو بەنداوانەی لەسەر زێی بچووک لە دیوی خاکی ئێرانەوە درووست کراون، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دووکان، سەلام نەجم محەمەد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو  رایده‌گه‌ێنێت، بێگومان، ئەو بەنداوانەی لە دیوی ئێرانەوە لەسەر زێی بچووک درووست کراون کە ئاوەکەی دێتەوە بۆ دەریاچەی دووکان، کاریگەری دەبێت بەتایبەتی لە وەرزەکانی وشکەساڵیدا، چونکە لەو کاتانەدا ئێران بەپێی ئیشپێکردنی بەنداوەکان ئاوەکە بەر دەداتەوە. هەر کاتێک ئیشی بە بەنداوەکان کرد ئەو کاتە ئاوەکە دێتەوە بۆ دەریاچەی دووکان. لەو کاتانەیشی ئیش بە بەنداوەکان ناکات و ئاو خەزن دەکات، ئاو دەگرێتەوە و کەمتر دێت بۆ دەریاچەی دووکان. لەئێستادا لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی گشتی ئاو کەمی کردووە، ئەو بەنداوانەی لە دیوی ئێرانەوەن چەند کاتژمێرێک ئیش دەکەن و بەو هۆیەوە ڕێژەیەکی کەم ئاوی ناو خاکی ئێران دەگات بە ئێمە کە ئاستەکەی رۆژانە دەگاتە 3 بۆ 10 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

سەبارەت بە بەرنامەی کاری بەنداوی دووکان و بەردانەوەی ئاوی دەریاچەکە، سەلام نەجم محەمەد دەڵێت، ئێمە بەرنامەی هاوینە و زستانەمان هەیە و ئیشپێکردنی بەنداوەکە بەپێی ئەو بەرنامەیە دادەنرێت. بەرنامەی زستانە لە وەرزی بارانبارین و مانگی 10 (تشرینی یەکەم) دەست پێ دەکات تا کۆتایی مانگی 6(حوزەیران) دەست دەکەین بە کۆکردنەوەی ئاو. بەرنامەی هاوینەش لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا کۆتایی مانگی 9(ئەیلوول). ئێمەش بەپێی ئەو بڕە ئاوەی دێتە ناو دەریاچەکەوە یان لە دەریاچەکەدا هەڵسوکەوت بەو ئاوەوە دەکەین، هەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەمیش بۆ ناوچەکانی خوار بەنداوەکە بۆ کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سەبارەت بە دەرکەوتنی هەندێک شوێنەوار بەهۆی کەمبوونەوەی ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەی دووکانەوە، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دووکان، سەلام نەجم محەمەد باسی لەوە کرد، عادەتەن کە ئاو کەم بووەوە لەوانەیە شوێنەواری کۆن هەبێت کە پێشتر ئاو نەیگرتووە و دوایی ئاو دایپۆشیوە و لەئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە دەردەکەوێت، بەڵام ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە چەندین ساڵ هەبووە ئاستی ئاوەکە زۆر لەمە کەمتریش بووە و زۆر شوێنیش دەرکەوتووە.

لەبارەی ئاستی ئاوی ئەمساڵی بەنداوی دووکانەوە، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوەکە، سەلام نەجم محەمەد جەختی لەوە کردەوە، ئەمساڵ تا رادەیەک ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان لەچاو ساڵانی پێشوو کە لەمەیش کەمتر بووە باشە.

لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دووکان، سەلام نەجم محەمەد لەسەر بەردانەوەی رێژەی رۆژانەی ئاوی بەنداوی دووکانەوە روونی کردنەوە، ئەم ئاوەی رۆژانە بەر دەدرێتەوە یەکەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە. دوای ئەوەش ئاوی سلێمانی هەر لەڕێگەی داونستریمی بەنداوەکەوەیە و لێرەوە وەریدەگرێت کە رۆژانە پێویستان بە نزیکەی 5 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا هەیە، لەکاتێکدا ئێمە رۆژانە نزیکەی 100 مەترێک ئاو بەردەدەینەوە، بەڵام کەمبوون و زۆربوونی ئاوی سلێمانی پەیوەندی بە دابەشکردنی ئاوی سلێمانی خۆیەوە هەیە نەک کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دووکانەوە و کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکەیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی سلێمانی ناکات.

بێگومان، چەند ساڵێک هەبووە ئاوی بەنداوەکە زۆر لە خوار ئەم ئاستەی ئێستاوە بووە و ئەمەش شتێکی ئاسایی و سرووشتییە، چونکە بەنداوە کە بۆ ئەوەکراوە ساڵانە ئەو بڕە ئاوەی دێتە ناویەوە بتوانین لە هاویناندا هەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەی ناوچەکانی خوار خۆی کەڵکی لێوەربگیرێت.

-زێی بچووک

چیاکانی قەندیل و لاجان بەسەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم زێیە و لقەکانی دادەنرێت، لەچەند لقی بچووک پێکهاتووە لەنزیک گوندی ماشان دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی کە یەکگرتنەوەی چەمی تیت و چەمی ماوەت پێکدێت. زێی بچووک دەشتەکانی پشدەر و قەڵادزێ دەبڕێت و بەدەربەندی دووکاندا تێدەپەڕێت، لەوێدا بەنداوی دووکابی لەسەر دروست کراوە، رێڕەوی رووبارەکە بەرەو باشووری رۆژئاوا درێژدەبێتەوە بە(پردێ)دا تێپەڕ دەبێت تا لەدووری 30 کم لە باشووری شەرقاتەووە دەرژێتە رووباری دیجلەوە.

درێژی زێی بچووک 40 کم-ە، داهاتی ئاوی ساڵانەی 6،99 ملیار مەتر سێجا بەڕێژەی لەسەدا 17 بەشداری لەکۆی ئاوی ساڵانەی رووباری دیجلە دەکات.

بەنداوی دووکان لە ساڵانی 1954 تا 1959 لەسەر رووباری زێی بچووکدا و لە پارێزگای سلێمانی کوردستاندا دروست کراوە، ئەم بەنداوە٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووکەوە دوورە.

بەردی بناغەی ئەم بەنداوە لە ساڵی 1954 لە لایەن مەلیکی عێراق مەلیک فەیسەڵەوە دانرا، ئەم بەنداوە لە ساڵی 1954 دەستی پێ کرد و لە ساڵی1959 تەواو بوو کە لەلایەن کۆمپانیای دۆمیز بالوتی فەڕەنسییەوە ئەنجام درا بە سەرپەرشتی ھەردوو کۆمپانیای بنی دیکن و کۆرلی. ئەم بەنداوە بڕی 14 ملیۆن دیناری ئەو سەردەمەی تێچوو.

بەرزی دیواری بەنداوەکە 116٫5 مەترە،درێژی بەنداوەکە 260 مەترە، بەرزی بەنداوەکە لە ئاستی رووی دەریاوە 516 مەترە، رووبەری ئەو زەوییەی کە بەنداوەکە ئاوی دەدات 11690 کیلۆمەتر دووجایە، توانای ھەڵگرتنی بڕی 6٫8 میلیارد مەتر سێ جا ئاوی ھەیە، ئەستوورایی بەنداوەکە لە بنکەکەیدا 54 مەترە و لە بەشی سەرەوەی 6٫20 مەترە، وێستگەی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبای تێدا دروست کراوە لە لایەن کۆمپانیای H.P.S) Hydro Power Station) رووسیاوە لە ساڵی 1970. ئەم بەنداوە کاری سەرەکی ئاودانی رووبەرێکی زەوی بە بڕی 1،500،000 دۆنم لە دەشتەکانی ناوچەی ھەولێر و کەرکووک لەخۆدەگرێت. سەرچاوەیەکی سەرەکیشە بۆ بەخێوکردنی ماسی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.