Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 02:15

سه‌ركرده‌یه‌كی ڕه‌وتی سه‌در نهێنی داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌لبووسی ئاشكرا ده‌كات

کوردستان TV
100%

سه‌ركرده‌یه‌كی ڕه‌وتی سه‌در نهێنی داواكاری پێشكه‌شكردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرا كرد.

عیسام حوسێن سه‌ركرده‌ له‌ ڕه‌وتی سه‌در له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند: پێشكه‌شكردنی داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ ڕازیكردنی جه‌ماوه‌ر و ڕه‌وتی سه‌دره‌ كه‌ ناڕازین له‌سه‌ر ڕێككه‌وتن و پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی.

عیسام حوسێن ڕاشیگه‌یاند: زانیاری باوه‌ڕپێكراومان هه‌یه‌ كه‌ حه‌لبووسی له‌ ژێره‌وه‌ ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كردووه‌ و ئه‌و داواكارییه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌، به‌یانیش له‌ كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئه‌م هه‌وڵه‌ی حه‌لبووسی بۆ ئه‌وه‌یه‌ شه‌رمه‌زاری له‌سه‌ر خۆی لا ببات به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ڕه‌وتی سه‌دریش.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ ڕه‌وتی سه‌در ڕاشیگه‌یاند كه‌ بهێننه‌ به‌ر چاوی خۆتان ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌مشێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێ. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كی دڵخۆشكه‌ره‌ بۆ وێرانكارییه‌كی داهاتوو.

جێی باسه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌م محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرد، بڕیاریشه‌ دووسبه‌ی چوارشه‌م په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی حه‌لبووسی و هه‌روه‌ها دیاریكردن و ده‌نگدان له‌سه‌ر جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بدات.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.