له یاریه‌كی دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ و به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن بۆ ڕكابه‌ریه‌كانی مۆندیالی دووهه‌زاروبیست و دووی قه‌ته‌ر، كاتژمێر ده‌و سیی خوله‌كی ئه‌مشه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی تونس ده‌بێته‌وه‌و یاریه‌كه‌ش له یاریگای پاك دی پرێنسیس له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌م یاریه ده‌بێته دوایین یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری هه‌ردوو هه‌ڵبژارده به‌ر له به‌شداریكردنیان له ڕكابه‌ریه‌كانی جامی جیهان، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل خاوه‌نی ڕیكۆردی پێوانه‌یی نازناوه‌كانی مۆندیاله كه له مێژووی خۆیدا پێنج جار نازناوه‌كه‌ی بردۆته‌وه.
هه‌ینی ڕابردوو له یاریه‌كی دۆستانه‌ی دیكه‌دا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل به سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له هه‌ڵبژارده‌ی غانای برده‌وه.
واش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له یاری ئه‌مشه‌ودا، ئه‌دینۆر تیتی ڕاهێنه‌ری به‌ڕازیل به هه‌مان شێوه‌ی یاری پێشوو، ژماره‌یه‌كی زۆری یاریزانانی تیپه‌كه‌ی تاقی بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزو سه‌قامگیرو هاوسه‌نگ بۆ سه‌ماكارانی سامبا له یاریه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ر ئاماده‌بكات، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل له گڕوپی حه‌وته‌می مۆندیال دایه‌و شان به شانی هه‌ڵبژارده‌كانی سڕبیاو سویسرا‌و كامیرۆن یاری ده‌كات.
هاوكات هه‌ڵبژارده‌ی تونس بۆ شه‌شه‌م جاره له مێژووی خۆی به‌شداری له یاریه‌كانی مۆندیال ده‌كات و له گڕوپی چواره‌م ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌كانی فه‌ڕه‌نسای پاڵه‌وانی جیهان و ئوسترالیا‌و دانیمارك ده‌بێته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.