Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:58

له‌ نه‌یشن لیگ ئه‌ڵمانیاو ئینگلته‌را یه‌كسان بوون و ئیتاڵیاش گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی

کوردستان TV
100%


 
له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌م و كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می خولی تۆپی پێی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا ناسراو به‌ نه‌یشن لیگ و له‌ یاری لوتكه‌ی گڕوپی سێیه‌می ئاستی یه‌كه‌م و له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كی پڕ گۆڵدا، هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیای كردو یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای وێمبلی به‌ناوبانگ له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، له‌ئه‌نجامدا، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌ سێ گۆڵ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كسان بوون.
 دوای ته‌واوبوونی گێمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسان بوونی هه‌ردوو تیپ‌ بێ گۆڵ، له‌ گێمی دووه‌م و له‌ یه‌كێك له‌ هێرشه‌كانی ئه‌ڵمانیا، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ مانشافت هه‌ژماركردو له‌ جێبه‌جێ كردنی لێدانه‌كه‌دا، یاریزان ئێلكای گۆندوگان گۆڵێكی بۆ ئه‌ڵمانیا له‌ خوله‌كی په‌نجاودوو تۆماركرد، دوای ئه‌م گۆڵه‌و له‌ به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌ر گۆڵی میوانداره‌كه‌یان و له‌ خوله‌كی شه‌ستوحه‌وتدا، یاریزان كای هاڤێرتز گۆڵی دووه‌می دۆیچلاندی به‌ده‌ستهێنا، له‌ به‌رامبه‌ریشداو له‌ خوله‌كی حه‌فتاودوو، یاریزان لوك شاو گۆڵی یه‌كه‌می ئینگلته‌رای تۆماركردو جیاوازی گۆڵه‌كانی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ كه‌مكرده‌وه‌.
 دوای سێ خوله‌كی دیكه‌ش، یاریزان ماسۆن ماونت گۆڵی دووه‌م و به‌رامبه‌ری تیپی میوانداری به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌، دواتر ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ ئینگلیزه‌كان هه‌ژماركردو هاری كین كاپتن و ئه‌ستێره‌و گۆڵكاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ لێدانه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێ كردو گۆڵی سێیه‌می تیپه‌كه‌ی له‌ خوله‌كی هه‌شتاوسێ تۆماركردو ئینگلته‌رای پێشخست، به‌ڵام ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ ته‌نها چوار خوله‌كی خایاندو‌ یاریزان كای هاڤێرتز ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می خۆی و سێیه‌م و به‌رامبه‌ری ئه‌ڵمانیای له‌ خوله‌كی هه‌شتاوحه‌وت به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش كۆی خاڵه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ پله‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپی سێیه‌م بۆ حه‌وت خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و نه‌یتوانی بگاته‌ قۆناغی پێش كۆتایی، هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌راش به‌ سێ خاڵ له‌ دوایین خانه‌ی ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ مایه‌وه‌و بۆ ئاستی دووه‌می نه‌یشن لیگ دابه‌زی.
 
هه‌ر له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌م و كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می نه‌یشن لیگ و له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌مان گڕوپ، هه‌ڵبژارده‌ی هه‌نگاریا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیای میوانی بووه‌وه‌و یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای پوشكاش ئارێنا له‌ بوداپێستی پایته‌ختی هه‌نگاریا به‌ڕێوه‌چوو، له‌م یاریه‌ش هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌ده‌ستهێناو به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر یاریه‌كه‌ی برده‌وه‌و گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی.
 له‌ گێمی یه‌كه‌مدا، ئیتاڵیا به‌ گۆڵێك پێشكه‌وت، گۆڵه‌كه‌ش یاریزان جیاكۆمۆ ڕاسپادۆری له‌ خوله‌كی بیستوحه‌وت تۆماری كرد، له‌ گێمی دووه‌م و له‌ به‌رده‌وامی هێرش و فشاره‌كانی ئیتاڵیاو له‌ خوله‌كی په‌نجاودوودا، یاریزان فێدێریكۆ دیماركۆ گۆڵی دووه‌می ئاتزۆری به‌ده‌ستهێنا، به‌م بردنه‌وه‌ش هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا سه‌ركه‌وت بۆ پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی گڕوپی سێیه‌م و كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ یازده‌ خاڵ و به‌فه‌رمی گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی نه‌یشن لیگ، هه‌ڵبژارده‌ی هه‌نگاریاش به‌ ده‌ خاڵ بۆ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه‌ دابه‌زی و نه‌یتوانی بگاته‌ قۆناغی پێش كۆتایی خوله‌كه‌ .
 
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.