سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی 09ـی 2022 لە شاری زاخۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ناوچەکەی کرد کە هاوکارن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سنووری دەڤەرەکە.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران، چونکە حکوومەت و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن، لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان.
مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە پڕۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پلان و پێداویستیی خەڵکی دەڤەرەکە بێت.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە ئامادەبووان پێزانینی خۆیان بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەشیان بۆ برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.