Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 16:42

بە ئامادەبوونی سه‌رۆكی حكوومه‌ت دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە دهۆك كرایەوە

کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە شاری دهۆك بە بۆنەی رۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار بە بەشداری زیاتر لە 150 كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی بەڕێوەچوو.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشەكانی پێشانگەكەی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پێشانگەكە كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی كردەوە كه‌ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی لە ئەولەوییاتی كارەكانیدا پشتگیری و پاڵپشتیی زۆری كەرتی گەشتوگوزار دەكات وەك سەرچاوەیەكی گرنگیی داهات بۆ حكوومەت.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندانی گەشتوگوزار و خاوەنكارانی بواری گەشتوگوزار كرد بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگەیە كە كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار دەبێت، هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا جەختی كردەوە گرنگە كەرتی تایبەت هاوكار و هەماهەنگ بێت لەگەڵ حكوومەت بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ساسان عەونی سەبارەت بە ژینگەی پارێزگەی دهۆك لە بواری گەشتیاریدا، ئاماژەی بەوە كرد كە شاری دهۆك شارێكە لە ڕووی گەشتیارییەوە دەوڵەمەندە و خاوەنی چەندین ناوچە و شوێنی گەشتیاری جوانە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا.

ئەم پێشانگە گەشتیارییە یەكێكە لە بایەخدانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە كەرتی گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی سێكتەرەكە و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات.

پێشانگەكە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە بەشداری زیاتر لە 15 كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی تا 29ی مانگ بەردەوام دەبێت كە زیاتر لە سەد خیوەت و شوێنی تایبەت بۆ كۆمپانیا و لایەنە بەشدارەكان ئامادە كراون، ئامانج لە پێشانگەكەدا ناساندنی سێكتەری گەشتوگوزارە لە سنووری پارێزگەی دهۆك كە دەوڵەمەندترین پارێزگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بواری گەشتوگوزاردا.

لە پێشانگەكەدا چەندین پرۆگرامی جیاواز پێشكەش دەكرێن، لەوانە نیشاندانی كاری دەستی و جلوبەرگی كولتووری و پێشكەشكردنی چەندین پانێلی ئەكادیمی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار و واژووكردنی گرێبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ كاری هونەری لەلایەن تیپە هونەرییەكان و سەدان جۆر لە كاری دیكە كە پەیوەندیدارن بە سێكتەری گەشتوگوزار.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.