Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 17:12

هاوپه‌یمانی سیاده‌ داوا ده‌كات ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌لبووسی نه‌ده‌ن

کوردستان TV
100%

هاوپه‌یمانی سیاده‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌م پابه‌ندبوونی خۆی به‌ مانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپات كرده‌وه‌ و داواشی له‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن و هێزه‌ سیاسییه‌كان كرد سبه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی نه‌ده‌ن.

دوای دوو مانگ له‌ هه‌ڵپه‌ساردنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌م په‌رله‌مان ده‌ست به‌ دانیشتنه‌كانی بكاته‌وه‌ و به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش دوو بڕگه‌ ده‌بێت، یه‌كه‌میان ده‌نگدان ده‌بێت له‌سه‌ر داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دوومیشیان دیاریكردن و ده‌نگدان ده‌بێت له‌سه‌ر جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.

له‌باره‌ی دانیشتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی سبه‌ی چوارشه‌م و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌لبووسی، هاوپه‌یمانی سیاده‌ ئه‌مشه‌و سێشه‌م به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێشگیری له‌ ڕوودانی هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێك بكه‌ین كه‌ زیان به‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بگه‌یه‌نێت و خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها جارێكی دیكه‌ جه‌خت له‌ دیالۆگی نیشتمانی جدی له‌نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كۆتاهێنان به‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی و ده‌ركه‌وتنی ئاسۆیه‌كی نوێ له‌ كاری سیاسیدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دڵسۆز به‌ره‌و ئاشته‌وایی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مه‌لایه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌نگاوی جدیش ده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بگه‌ن به‌ ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر كه‌ تێیدا به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات و ماف و ئاواته‌كانی هاووڵاتییان بهێنێته‌ دی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئێمه‌ له‌ هاوپه‌یمانی سیاده‌ پابه‌ندبوونی خۆمان به‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ناوی گه‌ل و جه‌ماوه‌ره‌كه‌شمان داوا له‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین ده‌نگ له‌سه‌ر داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌لبووسی نه‌ده‌ن و ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها داواشی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد به‌رده‌وام بێت له‌ كاره‌كه‌ی كه خۆی له‌‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیری سیاسی ده‌بینێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ وڵاتی له‌ چه‌ندین به‌ڵا و نه‌هامه‌تیدا ڕزگار كردووه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.