Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 04:57

به‌ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران لاوێكی دیكه‌ی كورد بووه‌ قوربانی و یه‌كێكی دیكه‌ش ڕفێندرا

کوردستان TV
100%


لاوێکی کورد و خەڵکی شاری سونقوڕ و کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی عەلیڕەزا فەتحی و تەمەن 22 ساڵ، لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکانی ئێران و کوردستان لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شاری قەزوێن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەلیڕەزا فەتحی، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە21ی 9 ی 2022، لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری قەزوێن لەسەر کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا بە هەنگاو ڕاگەیاندووە؛ عەلیڕەزا فەتحی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی پیشەسازیی ئەلوەند (شهرک صنعتی الوند) لە پارێزگای قەزوین کوژراوە. هەر لەو شەوەدا هاووڵایەتییەکی تری ناڕازی کە ناسنامەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران کوژراوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلیڕەزا فەتحی بە چاودێریی چڕ و پڕی هێزە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەمی بنەماڵەی ناوبراو لە شاری ئەلوەند و هەروەها لە ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری سونقوڕ بەڕێوە چووە.


هه‌روه‌ها، لە درێژەی شەپۆلی دەستگیركرانی هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، لاوێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی فەریاد حەمزەشوری و تەمەن 21 ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ چوار ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەناو بازاری شاری شنۆ دەوری فەریاد حەمزەشورییان داوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە باتوم و شۆکری کارەبایی، ناوبرا بێهۆش بووە و هێزە ئەمنییەکانیش ڕفاندوویانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پێوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە؛ فەریاد حەمزەشوری بە هۆکاری لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بێهۆش بووە و ئەوانیش بە بێهۆشی ڕفاندوویانە و هەنووکە هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی و چارەنووسیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە زیاتر لە 100 هاووڵاتیی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی نزیک بە 40 کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.


 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.