Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 00:39

پۆلیسی ئێران بەتوندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە

کوردستان TV
100%

ئەمرۆ ڕۆژی چوارشەممە فەرماندەیی پۆلیسی ئێران هۆشداریدا، كە یەكەكانی "بە هەموو هێزێكیانەوە" ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە كە ماوەی 12 ڕۆژە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە ..
فەرماندەیی پۆلیسی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پۆلیس بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕووبەڕووی پیلانی نەیارانی شۆڕش دەبێتەوە.
ئێرانییەكان بەردەوامن لە خۆپیشاندانەكانیان كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەستیپێكرد، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە كوژرانی ژینا ئەمینی.
ناڕەزایەتییەكان  سەرەتا بە سەرپەرشتی ئافرەتان  لە دوای كوژرانی كچێكی تەمەن 22 ساڵەی كورد لە كاتێكدا سەریهەڵدا كە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە یاسای توندی جلوبەرگی كۆماری ئیسلامی دەستبەسەر كرابوو.
ڕۆژی سێشەممە راڤینا شەمداسانی ،گوتەبێژی كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لەو پیاوە ئاینیانە كرد كە لە ئێران حوكم دەكەن "بە تەواوی ڕێز لە مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین، كۆبوونەوە و كۆبوونەوەی ئاشتیانە بگرن".
راڤینا شەمداسانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن "سەدان كەس دەستگیركراون، لەنێویاندا داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پارێزەر، چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لانیكەم 18 رۆژنامەنووس".
كاربەدەستانی ئێران دەڵێن: لە خۆپیشاندانەكاندا 41 كەس كوژراون كە لەنێویاندا پۆلیس و فراكسیۆنێكی چەكداری لایەنگری حكومەت هەن. بەڵام گرووپەكانی مافی مرۆڤی ئێران ئاماری كوژراوانی زیاتری لەو بارەیەوە ئاشكرا كردووە.
هەروەها بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران، هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵی سەركوتكردنی دەنگی كەسایەتییە ناودارەكانن كە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكەن و بەپێی رۆژنامەكەش، چەندین ئەكتەر، دەرهێنەر، هونەرمەند، شاعیر و وەرزشوانانی دیار پشتیوانییان لە خۆپیشاندەرانی ئێران كردووە .

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.