بارەگای بارزانی ڕاگەیەنراوێکی لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە و تێیدا داوا دەکات کە هەرێم چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.
لە ڕاگەیەنراوەکە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بوردوومانی هێزەكانی ئێران. ئیدانەی ئەو پەلامار و بۆردوومانانە دەكەین، چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە.
ڕاشیگەیاند: لە هەمانكاتیشدا ئەو پەلامار و بۆردوومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و لەدژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.
بارەگای بارزانی جەختیشی کردۆتەوە كە مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت.
ئاماژەی بەوەش داوە کە داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بۆردوومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.