پارێزگاری هەولێر بە توندی ئیدانەى بەزاندن و پێشێلکارى و هێرشەکانی ئێران كرد به ههر پاساوێک بێت بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەم دواى ئەوەى بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران، د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستیى حكوومهتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنى ڕۆژئاواى شاری هەولێر، سەردانی بریندارانی بۆردۆمانەكەیان کرد.
لە سەردانەکەیاندا لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستیی بریندارەکانیان پرسی و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ خواستن و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکیان نیشان دا بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەشیان ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ چارەسەرکردنى برینداران ئەنجامی بدەن.
لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بە توندی ئیدانەى بەزاندن و پێشێلکارى و هێرشەکانی ئێران دەکەین به ههر پاساوێک بێت بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان کە لە ئاکامیدا خەڵکی سیڤیل بوونهته قوربانی. داواشی کرد پێویستە لە زووترین کاتدا کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنرێت بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان.
سەبارەت بە ئامادەباشى تیمەکانى فریاکەوتن ئومێد خۆشناو گوتى: ههموو تیمهکانی تهندروستی، بهرگریی شارستانی، ناوهندی قهیرانهکانی پارێزگا، لقى هەولێرى مانگی سووری عێراقی و دهزگای خێزخوازی بارزانی خراونەتە ئامادەباشییهوه بۆ بەهاناوەچوونی بەرکەوتووان و لێقەوماوانى بۆردوومانەکان.
ئەمڕۆ چوارشەم بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران، بەپێى ئامارەکان تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە كۆی گشتی بریندارانى كۆیە و میحوەری پردێ گەیشتۆتە 32 بریندار و 9 شەهید كه بەمشێوەیە: 18 بریندار و 4 شەهید لە كۆیە، 14 بریندار و 5 شەهید لە میحوەری پردێ. پێشبینیش دەکرێت ژمارەى شەهیدان زیاتر بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.