پارێزگارى هەولێر، داوا لە لیژنەی شارەوانی پەرلەمان دەکات کە ماوەى یاسایی بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان درێژ بکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانى پارێزگا پێشوازى لە شاندێکى لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارى پەرلەمانى کوردستان کرد، به سهرۆكایهتیی لوقمان وهردى، سهرۆكی لیژنهكه.
لەمبارەیەوە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمانى کوردستان و ئیدارەى پارێزگاى هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر به ھاووڵاتییان کرایەوە.
ڕاشیگەیاند: پاشان بەشێوەیەکی گشتیی چهند پرسێكی گرنگ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر گفتوگۆی لهبارهوه كرا، لهوانهش زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتیی، پڕۆژە تەواو نەکراوەکان، ئاستی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری، پاراستن و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی شار، خزمەتگوزاریی گواستنەوە و گەیاندن، جێبەجێکردنی یاسای بە خاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بایەخ و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری و شوێنەوار لە سنووری پارێزگاى هەولێر.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لە کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو گوتی: بۆ چاودێرکردنى کارەکانمان وەکو پارێزگاى هەولێر ئەوپەڕى ئامادەیمان هەیە و هەموو دەرگاکانمان کراوەیە بۆ لیژنەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر، سەبارەت بە یاسایی پەرلەمانى کوردستانیش تایبەت بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، کە ماوەکەى تاکو 09ـی 09ـی 2022 بوو، پارێزگارى هەولێر داواى لە لیژنەى ناوبراو کرد دووبارە ماوەى یاساكه لەپێناو بەرژەوەندى هاووڵاتییان درێژبکرێتەوە و دەرفەتى زیاتریان پێبدرێت بۆ بەناوکردنى خانووەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.