ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان جەختی کردۆتەوە کە بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزاکانیان بەسەر ئێران و گرتنەبەری ئامرازی دیکە بۆ ڕێگرتن لە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکان دەکات کە بۆ سەر ناوچەی کوردستانی عێراق ئەنجام درا.
ڕاشیگەیاند: ئێمە پشتیوانی سەرکردەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەین، لە سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە، وەک هێرشێک بۆ سەر سەروەری عێراق و گەلەکەی.
سۆلیڤان ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرکردەکانی ئێران بەردەوامن لە بێبایەخکردنی ئاشکرای نەک تەنیا ژیانی گەلی خۆیان، بەڵکوو دراوسێکانشیان، هاوکات پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک کە لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا جێگیر کراون."
جەختیشی کردۆتەوە کە "ئێران ناتوانێت بە ئەنجامدانی هێرشەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی، خۆی لە لۆمە و کێشە ناوخۆییەکان و ناڕەزایی ڕەوای دانیشتووانەکەی لابدات."
سۆلیڤان دەشڵێت: بەکارهێنانی ئاشکرای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی دراوسێکانی، هەروەها دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، لە دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا و بۆ میلیشیاکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە بە شێوەیەکی گشتگیر شەرمەزار بکرێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سزاکان و ئامرازی دیکە بۆ تێکدانی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە سەرانسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.